لە بەغدا، یەك كوتلە و یەك دەستەی سەرۆكایەتی نەبێت، کورد زەرەر دەکات

 	 لە بەغدا، یەك كوتلە و یەك دەستەی سەرۆكایەتی نەبێت، کورد زەرەر دەکات
بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیێنێت، بۆ هەڵبژاردنی هەرێم باسی هاوپەیمانی نەكراوە و، بۆ سەنگی كوردیش، هاوپەیمانیی كورد بە پێویست دەزانێت.

خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، "لە كۆبووەنەوەمان لەگەڵ یەكێتیدا، بە هیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆ بە یەك لیست بەشدار بین، بەڵكوو بۆ هەڵبژاردنی عێراق ئەو باسە كراوە".

ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی عێراق لە وادەی خۆیدا، بووەتە باسی ناوەندە جیاجیاكان، بەڵام بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی، باوەڕی وایە هەڵبژاردنی عێراق لە وادەی خۆیدا دەكرێت و دەشڵێ، لە دوای رووخانی رژێمەوە، هەمیشە هەڵبژاردنەكانی عێراق پێچەوانەی هەرێمی كوردستان لە وادەی خۆیدا كراون، جیا لە كەركووك، كە حاڵەتێكی تایبەتی هەیە. پێیشی وایە كە، هەڵبژاردنی عێراق لە وادەی خۆیدا دەكرێت.

خەسرۆ گۆران، باس لەو هەوڵانەیش دەكات بۆ دواخستنی هەڵبژارنەكان لە لایەن سوننەكانەوە و دەدرێن و دەڵێ، "ئەوان بیانوویان ئەوەیە، كەوا خەڵكێكی زۆری سوننە بە هۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی شوێنەكانی دیكە بوون، بەڵام ئاوارەبوونیان رێگر نییە لە بەشداریكردنیان لە دەنگدان، دەكرێ خەڵكی ئەنبار بێت و لە سۆران دەنگەكەی بدا، پێم وایە ئەو داواخوازییەی سوننە وەلا دەنرێت".

لەمەڕ هەڵبژاردنی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، گۆران گوتی، حەفتەی دابێ كۆمسیۆن و پەرلەمان بۆ دانانی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبنەوە.

خەسرۆ گۆران، بەستنی هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ بەغدا بە باشترین دەستكەوت بۆ كورد ناو دەبات، کە لە پەرلەمانیشدا یەك كوتلە و یەك دەستەی سەرۆكایەتی هەبێت. دەشڵێ، "بەو شێوە دەتوانرێت خزمەتی دۆزی گەلەكەمان بكەین، نەك بە شێوەی پەرتوبڵاوی، یان پارتی لەگەڵ تەیارێكی تر هاوپەیمانی ببەستێ، یا هەر لایەنێكی تری كوردی لەگەڵ تەیارێكی عەرەبی هاوپەیمانی ببەستێت، ئەوە ئێمە بچووك دەكاتەوە، ئەمەش ئاواتی لایەنەكانی ترە كە كورد بە پەرتوبڵاوی ببینن، تاوەكوو وەك هاووڵاتی مامەڵەمان لەگەڵ بكەن، نەك وەك دۆزێكی گرینگ".

بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردن جەختیش دەكاتەوە لەوەی كە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت و، ئامادەیشن بۆ هەڵبژاردن.
kdp-
Top