بڕیاری دادگاییکردنی پۆلیس و ئەفسەرەکوردەکان هەڵوەشێندرایەوە؛ مووچەکانیشیان دەدرێتەوە
دوێنێ ئێوارە، قاسم ئەلئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێڕاق، لەگەڵ لێژنەی بەرگری و ناوخۆی ئاسایشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا کۆ بووەتەوە و، بڕیاری ھەڵوەشانەوەی ئەو لێژنە وردبینیانەی داوە، کە بۆ دادگاییکردنی پۆلیس و ئەفسەرەکوردەکانی کەرکووک و خورماتوو پێکھێنرابوون.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی بەرگری و ناوخۆی ئاسایشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو گەمارۆ و بڕیارانەی لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە حکوومەتی عێڕاق بەسەر ھەرێمی کوردستانیدا سەپاندن، بڕیاری سیاسی بوون، نەک یاساییی، بۆیە بە بڕیاری حکوومەت ھەموو ئەو بڕیارانە چاک دەکرێنەوە کە حکوومەت نیەتی چاککردنی ھەبێت."
ئەو ئەندامەی لێژنەی بەرگری و ناوخۆ، گوتیشی: "وەزیری ناوخۆ پێیگوتوون کە ئەو بە ھیچ شێوەیەک ئاگاداری بڕیاری لێژنەیەکی وردبینی بەو جۆرە نەبووە، کە لە دژی ئەفسەر و پۆلیسەکوردەکانی کەرکووک و ئەو ناوچانەی لە ٢٥ـی ٩ـی ٢٠١٧ـدا بەشدارییان لە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا کردووە، بۆیە فەرمانی ھەڵوەشانەوەی لێژنەکەی دا و گوتوشیەتی، مووچەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە کە تا ئێستا ڕاگیرابوو."
لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە، حکوومەتی عێڕاق بڕیارگەلێکی دەرکردن کە بە هۆیانەوە، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق حەیدەر عەبادی خەڵکی کوردستانی پێ سزا دا.
kdp-
