"پێویستە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا زیندوو بکرێنەوە"
دکتۆر کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلیژی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی سەلاحەدین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە کورد بە ھێزەوە بچێتە بەغدا و گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆی بەرامبەر عێراق بکات، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیھێشت دەوڵەتی کوردستان دروست بکرێت و ئەوەشی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، من نەمھێشت ھەرێمی کوردستان جیا بێتەوە لە عێراق دوورە لە ڕاستییەوە و گەلەکۆمەکی دژی ھەرێمی کوردستان کرا، تا دەوڵەتی سەربەخۆ دروست نەکات.
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان دەڵێ: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە و جیھانی بەر لە ٢٠٠١ زۆر جیایە لەوەی پێش ئەو ڕووداوە بوو، لەبەر ئەوەش، جیهان ئەو دەرفەتەی نەدا تا دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکرێت، پێویستە بە فۆڕمێکی نوێ کورد خۆی ڕێک بخاتەوە."
دکتۆر کاوان ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: "یەکڕیزیی لایەنەکان زۆر گرینگە بۆ ئەوەی بەھێز بین بەرامبەر بەغدا، تا بکرێت دەبێت کورد بە یەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقدا بکات، ئەگەریش نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوە پارتی و یەکێتی پێکەوە دابەزن و دواتر لەگەڵ ھەموو کوتلە کوردییەکان فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان زیندوو بکرێتەوە، ھەرچەندە لایەنێک نایەوێ بێتە نێو کۆدەنگیی کۆتلە کوردیەکانەوە، بەڵام لەسەر پارتی و یەکێتییە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن و بە ھەموو لایەنەکان ڕابگەیەنن، ئەگەر دەتانەوێ کورد بەھێز بێت، با یەک لیست دروست بکرێت و ئەگەریش ڕازی نەبوون لە چوارچێوەی فڕاکسیۆنێکی کوردستانیدا کۆ بکرێنەوە.
kdp-
