ڤاڵا فەرید: پشتگیریی تەواو لە پرۆژەی چاکسازیی حکوومەت دەکەین

ڤاڵا فەرید: پشتگیریی تەواو لە پرۆژەی چاکسازیی حکوومەت دەکەین
پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: پڕۆژەیاسای چاكسازیی حكوومەت پرۆژەیەكی زۆر گرینگی چاكسازییە، سبەینێ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكات و دواتر ڕەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی دەكات، ئێمەش وەكو فراكسیۆنی پارتی بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە پرۆژەكە دەكەین.

بڕیار وایە بەیانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر چەند تەوەرێك كۆ ببێتەوە، یەكێك لە تەوەرەكان ئەوەیە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازیی حكوومەت بكات، كە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمان كرا.

د. ڤاڵا فەرید، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیاری كرد: ''ئەو پڕۆژەیە پرۆژەیەكی زۆر گرنگە و بەیانی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكات و دواتر ڕەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی دەكات و ئەوانیش لەسەری كۆ دەبنەوە و ڕاپۆرتیان بەرز دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەری و پەسەندكردنی پرۆژەكە.''

د. ڤاڵا فەرید ڕوونیشی كردەوە: ''پرۆژەكە، پرۆژەیەكی زۆر گرنگی چاكسازییە، تەحقیقی عەدالەت دەكات و ئێمەش وەكو فراكسیۆنی پارتی بە هەموو شێوەیەك لەگەڵیداین.''

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد: ''پرۆژەیاسای خانووبەرە، كە لە ماوەی ڕابردوودا پەسەند كرا، كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە، كە گرنگییەكی زۆری هەیە، ئەوەی پەیوەندیی بە بەكرێدانی خانووبەرەوە هەبوو كرێچیان كێشەیان هەبوو، ئێستا ئێمە لە قەیرانداین، پارێزگاریەكی زۆری لە مافی كرێچیان كرد، لەسەر دووكان و شوێنەكانی خۆیان مانەوە بەو بڕە پارەی لەسەری ڕێك دەكەون، لە لایەكی دیكەوە ئەوەی لێبوردنی گشتی، ئەنجومەنی دادوەری ڕێنمایی بۆ دەركردووە، كە 7 ڕۆژمان بۆ دانابوو، ئەویش دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، خەڵكێك دەتوانێت بگەڕێتەوە ناو خێزانەكەی خۆی، لە لایەكی دیكەوە زەختێكی زۆر لەسەر چاكسازییەكان بوو، کە چاكسازییەكان بتوانن دەوری خۆیان ببینن، خزمەت بوو بە ئەوانەی بەر لێبوردن كەوتوون و، بە چاكسازییەكانیش.''
kdp-
Top