پارێزگارە تازەکەی کەرکووک بە بڕیارەکانی کەرکووک تەعریب دەکاتەوە

 پارێزگارە تازەکەی کەرکووک بە بڕیارەکانی کەرکووک تەعریب دەکاتەوە
سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بە نووسراوە و بڕیارەکانی ڕاکان سەعید (پارێزگاری بە وەکالەت) پرۆسەی تەعریب لە كەركووك دەستی پێ كردووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 9/1/2018، محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕايگەیاند: "تا ئێستا بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك هیچ بڕیارێك نییە".

ڕوونیشی كردەوە: "هیچ رێكەوتنێك نییە، بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك".

محەمەد كەمال ئەوەشی خستە ڕوو: "لە كەركووك ماڵم سووتاوە و ئێستاش ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەو شارە".

پێشتر بڕیار درابوو كە دوای سەری ساڵی نوێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەنجام بدرێت، بەڵام تاكوو ئێستا نەتواندراوە ئەو كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دەیان هەزار خەڵكی كەركووك ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لەنێو ئەو ئاوارانەش ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك هەیە.

لەلایەكی ترەوە محەمەد كەمال، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ڕاكان سەعید پارێزگاری كەركووك بە (وەكالەت)، رۆڵێكی خراپ دەگێڕێت لە ئیدارەكردنی كەركووك، لەبەر ئەوەی بە نووسراوەكانی ئەو پرۆسەی تەعریبكردن لە كەركووك دەستی پێ كردووە و لەبارەی هەڵسوكەوتە خراپەكانی ئاگادارم كردووەتەوە".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.











باسنيوز
Top