ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: پێ بژاردنی ھاتوچۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێت
تەلار فایەق، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان،
ڕایگەیاند: "دوای کۆبوونەوەی ھەردوو لێژنەی کاروباری یاسایی و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر داوای ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە یاسای ژمارە ٨٤ی ساڵی ٢٠٠٤ بە بڕگە و ماددەکانییەوە ھەموار بکەینەوە، بەتایبەتی بڕگە و ماددەی سزاکانی ھاتوچۆ ھەموار بکەینەوە".
ڕوونی کردەوە: ”بێگومان ئێمە کارمان لەسەر ھەموار کردنەوەی ماددەکانی (٢١، ٢٢، ٢٣ و ٢٤) کردووە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە شێوازی سزاکانی ھاتوچۆ بکەین“.
وەک تەلار فایەق ئاماژەی پێ دا، سزای پێ بژاردنیان چڕ کردووەتەوە و ھەروەھا سزای بەندکردنیان لابردووە، چونکە ”پێشتر ئەگەر شۆفێرێک بەبێ مۆڵەت شۆفێری بکردایە، ٦ مانگ بەند دەکرا، بەڵام ئێستا ئێمە دەمانەوێ ئەو بەند کردنە نەمێنێت، بەڵکو لەبری ئەوە سزای پێ بژاردن زیاد بکرێت“.
ھاوکات ئەندامەکەی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی کردەوە، ئەگەر شۆفێرێک بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە ھاووڵاتییەک بکوژێت، ئەوکاتە تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەکانی (٢٢ و ٢٣) سزای بەند کردن و پێ بژاردن دەیگرێتەوە، بەڵام ”ڕێژەی پێ بژاردنەکانمان ھێندە زۆر کردووە کە دادوەر جگە لەوەی دەتوانێ بەندی بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەشی ھەیە پەنا بۆ پێ بژاردن بەرێت“.
باسی لەوەش کرد، بەھۆی قەیرانی داراییەوە گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردووە، جیاکاری لە کامێراکانی ھاتوچۆ نەکرێت، بەجۆرێک کامێرای ھاتوچۆ جێگیر بکرێت، ھەروەھا ”ھەوڵی ئەوەشمان داوە ئەو شۆفێرانەی پارەی کامێرای چاودێرییان لایە، بەھۆی دۆخی قەیرانی داراییەوە، پارەکە بەشێوەی قیست بدەن بە بەڕێوبەرایەتییەکانی ھاتووچۆی پارێزگاکان“.
باسنیوز
