ڕێباز بێرکۆتی: لە 2013ەوە سەکردایەتیی یەکێتی شەرعیەتی نەماوە و هەلپەرستەکان بۆ گیرفان پڕکردن دەیانەوێ ببنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی“

 ڕێباز بێرکۆتی: لە 2013ەوە سەکردایەتیی یەکێتی شەرعیەتی نەماوە و   هەلپەرستەکان بۆ گیرفان پڕکردن دەیانەوێ ببنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی“
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، ”ھەلپەرست و بەرژەوەندیخوازەکان“ یەکێتییان بەمڕۆژە گەیاند و ”تەنیا بۆ گیرفان پڕکردن“ دەیانەوێت ببن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.



ڕێباز بێرکۆتی، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی لەبارەی دۆخی نێوخۆیی یەکێتی بڵاو کردووەتەوە و بە چەند خاڵێک چەند تێبینییەکی ئاراستەی ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و ھێرۆ ئیراھیم ئەحمەد، بەرپرسی باڵی دەستڕۆیشتووی نێو یەکێتی کردووە.



ڕێباز بێرکۆتی دەڵێ: ”لەنێوماڵی یەکێتیدا دەمێکە کادیران و دایک و باوک و کوڕە شەھیدەکان ھاوار و ناڵەمان بوو و کەس گوێی لێمان نەگرت، وابزانم کە جام پڕبوو لێی دەڕژێت، بۆیە ئانیترین و لەپێشترین کاری جەنابت و ھێرۆخان ئەوەیە کە زۆر بە سەڕاحەت و بێ پەردە و پێچوپەنا پشتی یەک بگرن".



بێرکۆتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە لە دوای 2013ەوە سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ”ھیچ شەرعیەتێکی نەماوە“. داواش دەکات کە میکانیزمێکی گونجاو بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی بدۆزرێتەوە.



لەبەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا ڕێباز بێرکۆتی ڕایگەیاندووە: "ھەلپەرست و بەرژەوەندیخوازەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند و داواکارن ببن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، تەنیا بۆ گیرفان پڕکردن و ئیرادەی کادیریش بە پارە بکڕن، وەکوو لەماوەی ڕابردوو و ئێستاش بەردەوامن".



لەبارەی پرۆسەی ھەڵبژاردنیشەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوە داوە: "ھەڵبژاردن کە پێویستە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، کات کەم لەبەردەستە، لە نزیکترین فرسەتدا تیمەکانمان بۆ ئامادەکاری دەستنیشان بکرێن".


باسنیوز
Top