لە خورماتوو حەشدی شەعبی خانووی هاووڵاتییەكی دیکەی كوردیان تەقاندەوە

 لە خورماتوو حەشدی شەعبی خانووی هاووڵاتییەكی دیکەی كوردیان تەقاندەوە
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتییانی كوردی خورماتوو بەردەوامن و لە نوێترین كردەوەیاندا، خانوویەكی دیكەی هاووڵاتییەكی كوردی خورماتوویان تەقاندەوە.



محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، ڕای گەیاند: "شەوی دووشەممە 8/1/2018، دوو چەكدار خانووی هاووڵاتییەكی كوردیان بەناوی نووری محەمەد لە گەڕەكی "كۆماری"ی خورماتوو تەقاندەوە.



بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) لە دوای 16ی ئۆكۆتۆبەری ساڵی 2017ەوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی 200 خانووی هاوڵاتییانی كوردیان لە خورماتوو تەقاندووەتەوە و هاوكات زیانیان بە سەدان خانووی دیكە گەیاندووە کە زۆریان تاڵان کردوون و سووتاندوویانن.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.


باسنيوز
Top