"توركیا ئامادەیە هاوكار بێت بۆ لێكنزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا"

لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، كۆنسووڵی گشتیی توركیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە هاوكار بێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بەغدا و هەولێر و، دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەكردنی گرفتەكانی نێوانیان.

شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی كۆنسووڵخانەی گشتیی توركیایان كرد و لەلایەن هاكان كاراچای، كۆنسووڵی گشتییەوە پێشوزازی كران.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و شاندی یاوەری، سەردانی كۆنسووڵخانەی گشتیی كۆماری توركیایان كرد و لەلایەن كۆنسووڵی گشتیی ئەو وڵاتە هاكان كاراچای پێشوازی كران. سوەیلی پیرۆزبایی لە كۆنسووڵی گشتیی نوێ كاراچای كرد و هیوای سەركەوتی لەم ئەركە نویێەی بۆ بەڕێزی و ستافی نوێی كۆنسووڵخانە خواست.

لە میانەی ئەو سەردانەدا، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرا پێش ریفراندۆم و پاش ریفراندۆم، بەرپرسی پەیوەندییەكان دووپاتی كردەوە كە، پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بكرێن و گوتی، بە داخەوە دەستەڵاتدارانی بەغداد ئامادە نین دەستوور كە وەك پاكێجێك و رێككەوتنێكی گشتیی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەری هەموو یاسا و ڕێساكانی دەوڵەتەوەیە، جێبەجێ بكات، هۆكاری ئەو ناكۆكیانەیش هەر ئەو ئەقڵییەتە بوو كە بارودۆخەكەی گەیاندە ئەم قوناغەی كە تێیداین.

وەك سیوەیلی ئاماژەی دا، "گرینگە رێز لە ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان بگیرێت و، بۆ دەربازبوون و بەدەستهێنانی ئاشتی و ئارامییش، پێویستە حكوومەتی فیدراڵ دەستووری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ بكات و مافی هەموو گەلانی عێراق بە بێ جیاوازی بدات و رێز لە داخوازییەكانیان بگرێت. ئێمە لەو باوەڕەداین كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گشتی و وڵاتانی دراوسێی وەكوو توركیا دەتوانن ڕۆڵێكی باشتر ببینن لە چارەكردنی كێشەكان".

كۆنسووڵی گشتیی توركیا هاكان كاراچای، سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و، هیوای خواست كە هەردوولا هەماهەنگیی باشتر بكەن بە مەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ چارەكردنی گرفت و لێكنزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان.

كاراچای هەروەها ئەوەی دووپات كردەوە كە، دەوڵەتی توركیا ئامادەیە هاوكار بێت بۆ نزیككردنەوەی بەغدا و هەولێر و، دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەكردنی گرفتەكانی نێوانیان. گوتیشی، حكوومەتی وڵاتەكەی هەروەك لە ڕابردوودا رایگەیاندووە، پێویستە ڕێز لە دەستووری هەمیشەیی عێراق بگیردرێت و بەپێی ئەو دەستوورەیش رێز لە ماف و داخوازییەكانی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگیردرێت.

لە كۆتایی ئەو دیدارەدا، هەردوولا بە پێویستیان زانی هەوڵی بەردەوام و بێوچان بدرێت بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەت و گەلانی ناوچەكە و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان بە ئامانجی دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان، بۆ ئەمەبەستەیش پێویستە هەمووان هاوكار بن و تەركیز لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بكەن و جیاوازییەكانیش بە گفتوگۆ چارە بكەن.
kdp-
Top