چاودێرانی سیاسی: یەکبوونی پارتی و یەکێتی بۆ ئەم قۆناخە گرینگە
دکتۆر خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕی سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "زۆر گرنگە ھەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا یەکگرتوو و یەکڕیز بێت و کاریگەریی یەکڕیزیی کورد بەرامبەر بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە لەسەر سیاسەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە چەندی لایەنە کوردستانییەکان لە نێو خۆیاندا تەبا بن و یەک دەنگیان ھەبێت، ئەوەندە ھێزیان دەبێت لەبەرانبەر بەرامبەرەکەیاندا، کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە بڕوای من ھەنگاوێکی گرنگ بوو، لە ھەرێمی کوردستانەوە نرا، زەرووریشە پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکان نزێک ببنەوە لە یەکتر."
دوێنێ ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ھەردوولا ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە پارتی و یەکێتی پێکەوە قۆناغەکە تێدەپەڕێنن و بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقیش ھەوڵ دەدەن بە یەکڕیزی و یەک لیستی بەشداری بکەن.
بوخاری عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی پێی وایە، داخوازیی خەڵکی کوردستانە لایەنەکان یەکڕیز و یەکگرتوو بن لە بەرامبەر نەیارەکانی کوردستاندا، چونکە یەکڕیزی دەتوانێ زیاتر ئامانجەکانمان بپێکێ و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "یەکڕیزی ھیچ نەبێت نزیکمان دەکاتەوە لە یەکتر، ھەرکاتێک لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن، ئەوە ھیچ گومانی تێدا نییە، خەڵکی کوردستانیش لە دەوریان کۆ دەبێتەوە و لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکدایە."
دکتۆر خەلیل ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەم یەکڕیزیەی خەریکە دەست پێ دەکات لە کوردستان دڵخۆشکەرە، بەتایبەتی نزیک دەبینەوە لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق، پێویستە سەرەتا پارتی و یەکێتی یەک بن، دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆ ببنەوە و یەک دەنگی نیشتمانی ھەبێت."
لەبارەی یەک لیستی کورد بۆ بەغدا، بەتایبەتی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، بوخاری عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەر پارتی و یەکێتی و لایەنەکان بە یەک لیست بچنە ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەوە زیاتر مافە ڕەواکانی میللەتی ئێمە بەدەست دێنن، یەکلیستی کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر خەباتی دۆزی کورد لە عێراقدا، ئەگەریش یەک لیست نەبێت، تەنھا یەکگرتوو بن، ئەویش ھەر سەنگی خۆی دەبێت و کورد بە بەھێزی دەمێنێتەوە لە عێراقدا و قۆناغی ئێستاش بە ئاسانی تێدەپەڕێت."
وەک دکتۆر خەلیل ئیسماعیل ئاماژەی بۆ کرد: "دروستکردنی لیستی ھاوبەش بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق نەک پێویستە، بەڵکۆ ئەرکی لایەنەکانە، چونکە حزبی دەعوە، کە حزبی حاکمە، بووەتە سێ بەشەوە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، کەچی ئەو باڵەی حزبی دەعوە، کە نووری مالیکی ڕێبەرایەتیی دەکات، ئێستا بووەتە دوو بەش بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، مەبەستم لەو نموونەیە، ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی دوو حزبی جیان، بەڵام زۆر ھاوڕان لەسەر پرسەکانی ھەرێم لەگەل بەغدا و ئەو نزیکییە خێری پێوە دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان."
kdp-
