کەرەم: پەسەندنەکردنی بودجە لە بەرژەوەندیی کورددایە
کورد و سوننە کۆمەڵێک داواکارییان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق ھەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق، تا ئێستا ئامادە نییە، داواکارییەکان جێبەجێ بکات، بەو ھۆیەشەوە تا ئێستا پەرلەمان نەیتوانیوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە بکات. گرنگترین داواکاریی کوردیش گۆڕینی ناوی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و زیادکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانە بۆ ١٧%، ئەگەرنا دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە نادەن.
لەم بارەیەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، عەرەفات کەرەم، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داوا کراوە ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو سەرۆکوەزیرانی عێراق بێتە پەرلەمان، چونکە ئەگەر ئەوکاتە نەیەتە پەرلەمان، وەکو ساڵی ٢٠١٤ عێراق بێ بودجە دەبێت، لەبەر ئەوەی کورد و سوننە ئامادە نین، خوێندنەوەی یەکەم بۆ بودجە بکرێت، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت و بڕواش ناکەم سەرۆکوەزیران بێتە پەرلەمان، بۆیە چارەنووسی پڕۆژەیاسای بودجە وەکو ھی ساڵی ٢٠١٤ی لێ دێت."
لەبارەی ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە ئەگەر پەسەند نەکرێت، تا چەند لە بەرژوەندیی کورددایە، (کەرەم) گوتی: "پڕۆژەیاسای بودجە بەو شێوەیە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژوەندیی کورددا نییە، بۆیە ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند نەکرێت، ئەوکات یەک لەسەر ١٢ی بودجە خەرج دەکرێت، بەمەش ئێمە حیسابمان کردووە لە بەرژوەندیی کورددایە و پارەیەکی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت."
kdp-
