عەبدولسەلام بەرواری چۆنیەتی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی باس دهكات
ئەمڕۆ 2018/1/8 ساڵیادی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانییە لە (ڤییەنا)ى پایتەختی نەمسا، عەبدولسەلام بەواری، یەکێک لە هاوڕێکانی سەرۆک بارزانی كه هاوکات لەكاتى ئهو ڕووداوە کارگێڕی لقی ٦ی پارتی بووە و خۆشی لە دەرەوەی وڵات بووە، ئەویش بەسەرهاتی ئەو ڕووداوەی بەم شێوهیه بۆ (باسنیوز)باس کرد و گوتی: "سەرۆک بارزانی لە ئەمریکاوە هاتبوو و خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی پشتیوانی لە شۆڕشی گوڵان لە کوردستان بکات، ئەوکاتە هاتە نەمسا، بەڵام لە نهێنی و لەژێر ناوێکی دیکەدا هاتبوو و حکوومەتی عێراق سەنتەری دەزگای هەواڵگریی لە ڤیەننا هەبوو، ئەوان زانیبوویان سەرۆک بارزانی لەوێ بووە، ئێوارەیەک تەقەیان لە سەرۆک بارزانی کرد، کە ئەوکات د.پیرۆت و دڵشاد میران بریندار بوون، دواتر پۆلیس بهههوڵهكهى زانى".
عەبدولسەلام بەرواری، ئهوهشى گێڕایهوه، كه: "دوای ئەو هەموو باسە، مرۆڤ دەتوانێت دوو خاڵ بڵێت، یەکێکیان خودی ئەو هەوڵە نیشانەی ئەوە بوو کە لەو کاتەدا (ساڵى ١٩٧٩) جەنابی سەرۆک پێگە و تواناکانی دیار بوون، بۆیە دووژمنەکانیش هەوڵیان دەدا سنووری بۆ دیاری بکەن، ئەم هەوڵە بە شێوەی دیکە دووبارە بوویەوە، پێش ئەوەش لە سالی ١٩٧٨ هەوڵی لەو چەشنە هەبوون و دواتریش لەم دواییانە ئەو عوقدەی بەرانبەر بە ڕیفراندۆم زۆر مەبەست هەبوون، کاردانەوەکان بەشێکیان بۆ لێدانی بارزانی و ڕێبازی بارزانی بوون، ئەوەش تەواوکەری ئەو هەوڵانەیە کە لەدژی سەرۆک بارزانی دەرێن بۆ؟ چونکە ئەو نوێنەرایەتیی هەموو لایەک دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە کوردستان چاونەترسانە باسی مافی خۆی بکات".
ئەو هاوڕێیەی سەرۆک بارزانی، گوتیشی: "بارزانی بۆیە دەکرێتە ئامانج، چونکە پرۆژە و پلانی هەیە و ئەم هەوڵە قازانجی هەبوو بۆ کورد و جەنابی سەرۆک، لهبهر ئهوهى کاردانەوەی میدیاکانی جیهان و ئەورووپا بەرانبەر بە ڕووداوەکە زۆر گەورە بوو، ئەوکاتە لە ئەورووپا کرداری تیرۆر زۆر کەم بوو، مەگەر بەدەگمەن، پاش ئەوەی زانیان بارزانی کوڕی مەلا مستەفایە بووە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیی دۆستانە دروست ببێت لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەتایبەت سەرۆکی نەمسا و جێگرەکانی".
عەبدولسەلام بەرواری ئەوەشی خستە ڕوو، كه: "دوای ئەو ڕووداوە نەمساوییەکان هەوڵیان دا ئەو تیمەی لەگەڵ سەرۆک بارزانین لە فڕۆکەخانە پێشوازیان لی بکەن، ئەوە بوو بە نەریتێک کە سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەمەودوا وەک سەرۆکی وڵات پێشوازیان لێ بکرێت".
لە کۆتاییدا، عهبدولسهلام بهروارى، گوتی: "ئەوکاتەی سەرۆک هاتە ڤییەنا ماوەیەک لەوێ مایەوە، من ئەوکاتە کارگێڕی لقی ٦ بووم و لە ڤییەنا بووم، ئەو وڵاتە شارەزا بووم، خانوویهکمان بە نهێنی گرت و لەوێ کاک ئازاد بەرواری و کاک عارف تەیفوور و چەند کەسێکی دیکە بە نهێنی هاتوچۆمان دەکرد، چونکە دەمانزانی نەمسا موخابەراتی عێراقی لێیە، بۆیە بارزانی بەدەستی خۆی وێنەیەکی بۆ ناردین لەسەریشی نووسیویە".
باسنيوز
