وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانی بەرپرسێکی ئەو وڵاتەی لەبارەی هەرێمی کوردستان بەدرۆ دەخاتەوە

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانی بەرپرسێکی ئەو وڵاتەی لەبارەی هەرێمی کوردستان بەدرۆ دەخاتەوە
ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەموو ئەو دەنگۆیانە و لێدوانی بەرپرسی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەی ڕەت کردەوە کە گوایە لە هەرێمی کوردستان لە پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ئێراندا دەستی هەبووبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 2018/1/8 بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرێس کۆنفراسنی هەفتانەی خۆیدا، لەبارەی لێدوان و قسەی چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتە لە پەیوەندی لەگەڵ دەستێدابوونی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکانی ئێران گوتی:"هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە هەرێمی دەستی لە ئاڵۆزییەکانی ئێران هەبێت، بەپێی ئەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و ئەو ناسینەی کە ئەوان لە ئێمەیان هەیە، زۆر بەدووری دەزانم کە ئەوان هەولێک لەدژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەنجام بدەن".

قاسمی ئاماژەی بەوەش کرد: "لەبارەی پەیوەندیی دوولایەنەی ئێمە و هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی بەشی زۆری ئەم پەیوەندییانە ئەمنین، دەبێ دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمبارەوە ڕای خۆیان دەرببڕن، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندیی بە وەزارەتی دەرەوە هەیە، ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نییە کە ئەوان لە پشێوییەکانی ئێراندا دەستیان هەبووبێت".

لیدوانی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە کاتێک دایە کە هەفتەی پێشوو موحسین ڕەزایی سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە توێتێکی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی: "بەرپرسانی CAIی ئەمریکا و سعوودیە بە یارمەتیی بارزانییەکان لە هەولێر پیلانیان بۆ سازکردنی پشێوی و ئاڵۆزی لە ئێران داڕشتووە و دەستیان تێدایە".

هاوکات ڕۆژی هەینی ئەحمەد خاتەمی، بەرنوێژی شاری تارانیش ئەو تۆمەتانەی جارێکی دیکە لەدژی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و بەرلەوانیش ڕۆژنامەی "کەیهان" کە ڕۆژنامەی نزیک لە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانە هەواڵێکی لەو چەشنەی بڵاو کردبووەوە.

لە کاردانەوە بەو تۆمەتانە لەدژی حکووتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونەکردنەوەیەکدا گوتی: " ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م تۆمه‌ته‌ دروستكراوه‌ بێبنه‌مایه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ڕاستییه‌كه‌وه‌ دووره،‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌رێمى كوردستان به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندوویه‌تى كه‌ هه‌میشه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ بووه‌ و هه‌رگیز ڕێگه‌ى نه‌داوه‌ و نادات ببێته‌ هۆى ئاڵۆزى و دروستبوونى پشێوى له‌ وڵاتانى دراوسێ".



سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کردبوو: "هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ناوچه‌كه‌ و جیهانیش هه‌میشه‌ خوازیارى په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژوه‌ندیى هاوبه‌ش. ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ هیچ خزمه‌تێك به‌ دراوسێیه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامى ناكەن."



دوای 12 ڕۆژ لە خۆپیشاندان و پشێوییەکانی ئێران و تۆمەت هەڵبەستن بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە، ئێستا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەموو ئەو قسە و تۆمەتانە بە درۆ دەخاتەوە.


Top