سەرکردەیەکی یەکێتی: هەوڵ هەیە لەگەڵ پارتی بەیەک لیست بچینە هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق

 سەرکردەیەکی یەکێتی: هەوڵ هەیە لەگەڵ پارتی بەیەک لیست بچینە هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەوڵێک هەیە تاوەکوو حزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق بکەن.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ھەموو نزیکبوونەوەیەکی نێوان پارتی و یەکێتی کارێکی باشە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی بە یەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق بکەن“ کە ئەو بە قازانجێکی گەورە بۆ گەلی کورد و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە عێراق وەسفی کرد.

بە پێویستیشی زانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە یەکەوە ”بازووی خۆمان بخەینە گەڕ“، بۆ ئەوەی لە بەغدا پێکەوە کار بکەن، چونکە ”بەغدا تووشی غرووری سیاسی بووە و وەڵامی ھیچ کەسێک نادەنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی درووست کردووە“.

مستەفا چاوڕەش جەختی لەوە کردەوە کە پارتی و یەکێتی دوو هێزی سەرەکین لە کوردستاندا و خاوەنی هێزی چەکدارن، بۆیە ئەگەر ئەو دوو لایەنە لێک بترازێن و داببڕێن، ”ھەموومان زەرەر دەکەین“. دەشڵێت: ”ئەوکاتە کورد ماڵی وێران دەبێت“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە 7/1/2018، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوە و دواتریش لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا بەرپرسانی هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە هەوڵی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن.










باسنیوز
Top