بەغدا بیانووی بوونی زمانی کوردی بە لیستی مووچەی وەزارەتی تەندرووستی دەگرێ

 بەغدا بیانووی بوونی زمانی کوردی بە لیستی مووچەی وەزارەتی تەندرووستی دەگرێ
حکوومەتی عێراق بە بیانووی بوونی نووسینی کوردی لەسەر لیستی مووچەی وەزارەتی تەندرووستی، داوا لە بەرپرسانی وەزارەتەکە دەکات، لیستەکە دەستکاری بکەن و دووبارە بۆیان بنێرنەوە.

بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، بەرپرسانی ئەو لێژنەیەی کە حکوومەتی عێراق بۆ وردبینیکردن لە مووچەی وەزارەتەکانی تەندرووستی و پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکیهێناوە، بیانووی بوونی زمانی کوردییان لە لیستی وەزارەتی تەندرووستی گرتووە و لیستەکەیان ڕەت کردووەتەوە و داوای لیستێکی تازەیان کردووە.

لەمبارەیەوە د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستی و ئەندامی شاندی وەزارەتەکە بۆ بەغدا، ڕایگەیاند: "لیستەکەمان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام لە بایۆمەترییەکەدا ناونیشان ھەیە بە کوردی نووسراوە، بۆیە دوێنێ لە لایەن بەغداوە ھەواڵمان بۆ نێردرا کە ھەندێک ناونیشان بە کوردی ھەیە و پێویستە چاک بکرێت، چونکە ئەوان کوردی نازانن، بۆ نموونە ناوی پەرستارمان کردووە بە مومەریز، پزیشکمان کردووە بە تەبیب".

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە شەوی ڕابردوو فەرمانبەرەکانیان بەسەر ژوورەکاندا دابەش کردووە و ”کەس بۆ ماڵی خۆی نەگەڕاوەتەوە، تاوەکوو بە زووترین کات کارەکە تەواو بکرێ“. گوتیشی: ”ئێستا تەنیا چەند ناوێک ماونەتەوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سەرلەنوێ لیستەکە رەوانەی بەغدا دەکەینەوە“.

لەبارەی ئەوە کە ئاخۆ ئەم بیانووگرتنەی بەغدا هەوڵی درێژکردنەوەی کات و کات کوشتن نەبێت؟ ڤیان حوسێن بە (باسنیوز)ی گوت: ”پێشبینی ناکەم وابیت، ئیتر ناشزانم".

ئاماژەشی بەوە کرد کە دوێنێ یەکشەممە 7/1/2018 کاتێک لە بەغداوە پەیوەندییان پێوە کردووە، پێیان ڕاگەیاندووە کە زۆر بە خێرایی لیستەکە دەستکاری بکرێت و بۆ بەغدا ڕەوانە بکرێتەوە و ”گوتیان سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە“، ئەمەش وەک بەشێک لە جددییەتی بەغدا بۆ وردبینیکردن لە لیستەکە خستە ڕوو.

بیانووگرتنی بەغدا بە بوونی زمانی کوردی لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی تەندرووستی، لە کاتێکدایە کە بەپێی بڕگەکانی یەکەم و دووەمی ماددەی 4ی دەستووری عێراق، زمانەکانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراق و دامەزراوە ئیتیحادییەکاندا.

هەروەها بەپێی ماددەی 3ی یاسای زمانە فەرمییەکانی عێراق بۆ ساڵی 2013، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی فەرمین لە عێراقدا. ماددەی 4ی هەمان یاسا باسی لەوە کردووە کە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق بە هەردوو زمان دەردەچێت. ماددەی 5ی یاساکەش بە دەق دیاری کردووە: ”هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان و ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتیحادی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستە و دامەزراوە ئیتیحادییەکانی دیکە و کۆبوونەوە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتی و حکوومەتەکەی بەکار دەهێندرێن“.

بۆیە چاودێران و یاساناسان پێیانوایە کە ئەم بیانووەی بەغدا پێشێلکارییەکی زەقی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە.














باسنیوز
Top