نێچیرڤان بارزانی: پارتی و یەکێتی باسیان لە پرسی دانانی پارێزگاری کەرکووک کردووە

 نێچیرڤان بارزانی: پارتی و یەکێتی باسیان لە پرسی دانانی پارێزگاری کەرکووک کردووە
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی و یەکێتی باسیان لە پرسی دانانی پارێزگاری کەرکووک کردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ئایندەدا و دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، ڕاپۆرتی کۆمپانیا بیانییەکان لە بارەی پرۆسەکانی پەیوەندیدار بە نەوت بڵاو دەکەنەوە.

رۆژی دووشەممە 8/1/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا، رایگەیاند، هەرچەندە حکوومەتی عێراق لێژنەی بۆ وردبوونەوە لە لیستی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی پێک هێنا، بەڵام ”تائێستا ھیچ مووچەیەک لە بەغداوە نەگەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان“.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامە و هیواشی خواست پەیوەندییەکان بە تەواوی ئاسایی ببنەوە، لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەشی بۆ تورکیا، رایگەیاند، ”تائێستا وادەیەک بۆ سەردانی ئێمە بۆ تورکیا دیاری نەکراوە“.

ئەمەش دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان:



کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەسەر وردبینی لە پرۆسەی نەوت و غازی کوردستان بوو. بەپێی یاسای نەوت و غاز کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ھەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە دەبێ وردبینی لە ھەموو پرۆسەی دەرھێنان و ھەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و غاز لە کوردستان بکات.

بەپێی ئەو یاسایە لە مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٦ لە ئەنجومەنی وەزیران ئەو بڕیارەمان دەرکردووە. ئێمە پابەند بووین کە کۆمپانیای وردبینیی جیھانی بھێنین و وردبینیی تەواو لەم پرۆسەیە بکەن. لەم ڕوانگەیەوە لە پێناو شەفافیەت لە ھەرێمی کوردستان و وردبینیکردن لە پرۆسەکەدا ھەنگاوێکی گرنگمان جێبەجێ کردووە. دوو کۆمپانیامان ھێناوە کە (دیلۆی و ئێرنستنگ)ن کە کاری وردبینی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و کۆمپانیای گرنگ و ناسراوی دونیان.

ئەم پرۆسەیە لەژێر سەرپەرشتیی لیژنەی نەوت و غاز جێبەجێ کراوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ئەنجومەنی وەزیران نەیانکردووە، لێژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێی کردووە.

ئێمە پێش بڵاوکردنەوەی ژمارەکان، لەگەڵ پەرلەمان تاوتوێی دەکەین و دواتر ژمارەکان بە تەواوی بۆ خەڵکی کوردستان بڵاو دەکەینەوە.

ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە لە شەفافکردنی پرۆسەی نەوت لە کوردستان.

پرسێکە زۆر جێی پرسیار بووە، ئەم ھەنگاوەی ئەمڕۆ ئێمە پێی گەیشتین، ھەنگاوێکی تا بڵێی گرنگ بوو لە بواری شەفافیەتدا.

بەغدا لێژنەی بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی دروست کردووە، دووبارەی دەکەمەوە کە ئامادەی ھەموو ھاریکارییەکین ئەگەر بیانەوێت مووچە بنێرن، بەڵام تائێستا ھیچ مووچەیەک لە بەغداوە نەگەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان. ھیوادارین ئەم پرسە جێبەجێ بکرێت.

ئیشارەت بەوە دراوە کە بەغدا پارەی جووتیارانی خەرج کردووە کە نزیکەی ٧٠٠ ملیار قەرزاری جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە، بە داخەوە ھیچ پارەیەک نەگەیشتووە.

ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ کردوومانە بۆ ئیحراجی ھیچ لایەک نەبووە، زیاتر بۆ بابەتی شەفافیەت بووە لە پرۆسەی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا. ئێمە ئامادەین ئەگەر بەغدا گرنگی بەو بابەتە دەدات و دەیەوێ ژمارەکان بزانێت، ئامادەین داتاکانیان لەبەردەست دابنێین، چونکە ویستوومانە ئەوپەڕی شەفافیەتمان لە بابەتی پرۆسەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، ئامادەین نیشانیان بدەین.

ئەو وردبینییەی ئێستا کۆمپانیای دیلۆیت کردوویەتی، ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧یە، گرێبەستەکەمان ئەوە نییە تەنیا وردبینی بکەن، بەڵکوو گرێبەستەکەمان ئەوەیە کە لە مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٤ەوە ھەناردەکردنی نەوتمان دەست پێکردووە، پاش ئەوەی لە مانگی ٢ی ئەو ساڵە لە بەغدا بە بڕیارێک بودجەی کوردستانی بڕیوە. ئەوانەی دیکەش وردبینی دەکرێت، ھەموو پاڵاوگەکانی کوردستان وردبینییان تێدا دەکرێت، ئەو پارانەی کاتی خۆی بەناوی شیرینی وەرگیراوە، وردبینییان تێدا دەکرێت، ھەمووشی بۆ خەڵکی بڵاو دەکرێتەوە.

ھیوادارین ئەو وردبینییەی کە لە لایەن کۆمپانیاکە کراوە، ھیوادارین بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەنە ئەو باوەڕەی کە ئەو پارەیەی لەبەر دەستی خەڵک دایە، بەشی ھەموو مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ناکات.

ئەو بڕیارەی کە داویانە بۆ کۆمپانیای (کار)، بڕیارێکی لەجێی خۆیدا نییە، ئەوەی ئەم کارانە دەکات کۆمپانیای کەرتی تایبەتە، ھیچ پێویست نییە پەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارە بدات، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بە بڕیارێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق خۆشحاڵین کە بڕیاریان داوە لێژنەیەک بۆ خورماتوو دروست بکەن.

نامەی سەرۆک کۆماری عێراق بە دەستمان گەیشتووە و وەڵاممان داوەتەوە و ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ دەست پێکردنی دانوستانەکان، ھەر کاتێک بەغدا ئامادە بێت، ئێمەش ئامادەین.

لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان ئێمە و یەکێتی، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی دانانی پارێزگاری کەرکووک کراوە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەنجامێک و بڕیار وایە کۆبوونەوەی دیکەی بەدوادا بێت.

پەیوەندی و قسەکردن لەنێوان ئێمە و تورکیا بە بەردەوامی ھەیە، بەڵام تائێستا وادەیەک بۆ سەردانی ئێمە بۆ تورکیا دیاری نەکراوە، ھیوادارین پەیوەندییەکانمان ئاسایی ببێتەوە و ھەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە ھەمیشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا باش بێت.

بۆ ھەڵبژاردن گوێم لەوە نەبووە ھیچ لایەنێک نەیەوێ ھەڵبژاردن بکرێ، لەگەڵ کۆمسیۆن گفتوگۆمان کردووە، ئەوان داوای پێویستییەکانی خۆیان کردووە، ئێمە وەکوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو پێداویستییانەیان بۆ جێبەجێ دەکەین، بڕیارە لە نێوان کۆمسیۆن و حکوومەت و پەرلەمان کۆبوونەوەیەک بکرێ کە ھیوادارین ھەفتەی داھاتوو بێت، تاوەکوو ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.

زۆر بە نیگەرانییەوە سەیری ھەنگاوەکانی تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان دەکەین، ھیوادارین بەغدا ڕێگە بەو کارانە نەکات، ئەمە چارەسەر نییە، بەڵکوو چارەسەر ئەوەیە کە نەخشەڕێگەیەک ھەیە و ماددەیەکی دەستووری ھەیە کە گەلی عێراق دەنگی لێ داوە.

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان تەنیا لە لایەک لایەنی سیاسی پێک نەھاتووە، لە ھەموو لایەنەکان پێکھاتووە، ئەو ژمارانەی کە بڵاو دەکرێنەوە کە ژمارەی خەیاڵین و گوایە کەموکوڕین لە تۆماری دەنگدەران، دەبێ کۆمسیۆن بۆ خۆی وەڵام بداتەوە.

لە بارەی ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک باسی ئەوە نەکراوە کە پارتی و یەکێتی بە یەک لیست دابەزن، ئەوەی دیکە پێشنیازی ھەڵبژاردنی عێراق ھەبووە کە ئەگەر ھەموو لایەنەکان بە یەک لیست دابەزن باشترە، ئەمە وەکوو پێشنیازێک کراوە و ئێمە پێمان باش بووە.
Top