لە دهۆک 600 هەزار ئاوارە لەبەر نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری ناگەڕنەوە مووسڵ
لەمبارەوە سەعید سەلیم، بەرپرسی پەیوەندی و راگەیاندنی بۆردی کاروباری مرۆیی لە دهۆک ڕايگەیاند: "لە سێ کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک 600 ئاوارە کەلە دەوروبەری مووسڵ ئاوارە بوون، لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و ناسەقامگیری و ئاسایش، ناوێران بگەرێنەوە بۆ ناوچە و شوێنی ژیانی خۆیان".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد: "هەتا ئەمڕۆ دووشەممە 2018/1/8 لە سنووری دهۆک سێ کەمپی "نێرگزلیە یەک و کەمپی نێرگزلیەی دوو و قەیماوە" داخراون، چونکە ئاوارەیان تێدا نەماوە و گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، بەڵام چەند کەسێکیان لەناودا مابوون کە ئەوانیش بە فەرمانێک گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لە دهۆکیش هیچ زەخت و گوشارێک بۆ گەڕاندنەوەیان لە ئارادا نییە، چونکە دەبێ ئەو ئاوارانە بە حەز و ویستی خۆی بگەڕێتەوە".
ئەو کەمپانەی کە هەتا ئێستا ئاوارەیان تێدا ماون بریتین لە "خانکێ، شاریا و باجد کەندالی یەک و دوو، كەمپی ئیسیان، كەمپەکانی بیرسڤی یەک دوو، کەمپی گەرماوا، كەمپەکانی كەبەرتووی یەک و دوو، كەمپی شێخان، كەمپی مام ڕەشان، كەمپی ماملیان، كەمپی دەركاری، كەمپی ڕەوانكە و كەمپی جەم مشكو"، نەگەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ ناوچەکانی عێراق و بەتایبەت مووسڵ لە کاتێک دایە کە باقی بەکر، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە هەولێر، دوێنێ لە لیدوانێکدا گوتی: "حکوومەتی عێراق لەبەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو زەخت و گوشارێکی زۆری بۆ ئاوارەکانی ناوچە سوننەکان هێناوە کە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان."
ئەم زەخت و گوشارەی حکوومەتی عیراق لە کاتێک دایە کە لە زۆر ناوچە حەشدی شەعبی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان ڕێگرە.
باسنيوز
