نووسەر و فۆلکلۆرناسێکی کورد کۆچی دوایی کرد

 نووسەر و فۆلکلۆرناسێکی کورد کۆچی دوایی کرد
سەید مەولوود سەید قادر بێخاڵی، فۆلکلۆرناس، مێژووناس و نووسەری کتێبی (ھەولێرم وا دیوە) ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە ھەولێر کۆچی دوایی کرد.

سەید مەولوود سەید قادر بێخاڵی، فۆلکلۆرناس، مێژووناسی کورد، ئیوارەی دوێنێ یەکشەممە 7/1/2017 لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە شاری ھەولێر بەھۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

سەید مەلوود ساڵی 1933 لە گوندی بێخاڵی سەر بە قەزای ڕواندز لەدایک بووە و لە تەمەنی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەب و بەتایبەت فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکیی کوردی کردووە و جیا لە کتێبی (ھەولێرم وا دیوە)، کە سێ بەرگی بە قەبارەیە، ھاوکات لە بواری فۆلکلۆردا سێ کتێبی دیکەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا و لەو کاتەدا فەلەکەدین کاکەیی وەزیری ڕۆشنبیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، سەید مەولوود ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری بووە.

ئەو نووسەرە کوردە بە پاراستن و ژیاندنەوەی کەلەپوور و فۆلکلۆری نەتەوەکەی، بە زیندووھێشتنەوەی مێژووی شاری ھەولێر لە توێی نووسین و بەرگی کتێبەکانیدا، مەڵۆیەکی بەرھەمداری خستە سەر خەرمانی گەنجینەی کولتووری وڵاتەکەی.

سەید مەولوود، پیاوێک بوو لە تەنیایی و بێدەنگیدا، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، ماڵئاوایی کرد.











باسنيوز
Top