بەغدا بیانووی بوونی زمانی کوردی بە لیستی مووچەی وەزارەتی تەندرووستی دەگرێ
بەرپرسانی ئەو لێژنەیەی کە حکوومەتی عێراق بۆ وردبینیکردن لە مووچەی وەزارەتەکانی تەندرووستی و پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکیهێناوە، بیانووی بوونی زمانی کوردییان لە لیستی وەزارەتی تەندرووستی گرتووە و لیستەکەیان ڕەت کردووەتەوە و داوای لیستێکی تازەیان کردووە.
لەمبارەیەوە د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستی و ئەندامی شاندی وەزارەتەکە بۆ بەغدا، ڕايگەیاند: "لیستەکەمان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام لە بایۆمەترییەکەدا ناونیشان ھەیە بە کوردی نووسراوە، بۆیە دوێنێ لە لایەن بەغداوە ھەواڵمان بۆ نێردرا کە ھەندێک ناونیشان بە کوردی ھەیە و پێویستە چاک بکرێت، چونکە ئەوان کوردی نازانن، بۆ نموونە ناوی پەرستارمان کردووە بە مومەریز، پزیشکمان کردووە بە تەبیب".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە شەوی ڕابردوو فەرمانبەرەکانیان بەسەر ژوورەکاندا دابەش کردووە و ”کەس بۆ ماڵی خۆی نەگەڕاوەتەوە، تاوەکوو بە زووترین کات کارەکە تەواو بکرێ“. گوتیشی: ”ئێستا تەنیا چەند ناوێک ماونەتەوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سەرلەنوێ لیستەکە رەوانەی بەغدا دەکەینەوە“.
لەبارەی ئەوە کە ئاخۆ ئەم بیانووگرتنەی بەغدا هەوڵی درێژکردنەوەی کات و کات کوشتن نەبێت؟ ڤیان حوسێن گوتى: ”پێشبینی ناکەم وابیت، ئیتر ناشزانم".
ئاماژەشی بەوە کرد کە دوێنێ یەکشەممە 7/1/2018 کاتێک لە بەغداوە پەیوەندییان پێوە کردووە، پێیان ڕاگەیاندووە کە زۆر بە خێرایی لیستەکە دەستکاری بکرێت و بۆ بەغدا ڕەوانە بکرێتەوە و ”گوتیان سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە“، ئەمەش وەک بەشێک لە جددییەتی بەغدا بۆ وردبینیکردن لە لیستەکە خستە ڕوو.
بیانووگرتنی بەغدا بە بوونی زمانی کوردی لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی تەندرووستی، لە کاتێکدایە کە بەپێی بڕگەکانی یەکەم و دووەمی ماددەی 4ی دەستووری عێراق، زمانەکانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراق و دامەزراوە ئیتیحادییەکاندا.
هەروەها بەپێی ماددەی 3ی یاسای زمانە فەرمییەکانی عێراق بۆ ساڵی 2013، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی فەرمین لە عێراقدا. ماددەی 4ی هەمان یاسا باسی لەوە کردووە کە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق بە هەردوو زمان دەردەچێت. ماددەی 5ی یاساکەش بە دەق دیاری کردووە: ”هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان و ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتیحادی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستە و دامەزراوە ئیتیحادییەکانی دیکە و کۆبوونەوە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتی و حکوومەتەکەی بەکار دەهێندرێن“.
بۆیە چاودێران و یاساناسان پێیانوایە کە ئەم بیانووەی بەغدا پێشێلکارییەکی زەقی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە.
باسنیوز
