دەستەی مافی مرۆڤ: تاوانەكان دەرهەق بە كورد ھەموو سنوورێكی تێپەڕاندووە

دەستەی مافی مرۆڤ: تاوانەكان دەرهەق بە كورد ھەموو سنوورێكی تێپەڕاندووە
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیێنێت، ھەموو پرسەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێم لە ژێر پرسیاردان و، بەعەرەبكردن و تاوانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دراون، كە ھەموو ئەو رووداوانەیش ئەنجامی رووداوەكەی ١٦ـی ئۆكتۆبەرن.

محەممەد گومەشینی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھەموو ئەو رووداوانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگوزەرێن، كاردانەوەكانی رووداوی ١٦ـی ئۆكتۆبەرن، كە بە پاڵشتیی ھێز و سوپا، بەغدا گەڕایەوە ئەو ناوچانە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاگاداری ھەموو ئەو رووداوانەیە كە بە مەستی بەعەرەبكردن و كوشتن و خاپووركردنی ناوچە كوردستانییەكان دەستی پێ كردووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە دەكەین لەبارەی ئەو كێشانەوە، بێگومان بەعەرەبكردنی ئەو ناوچانە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و ئیدارەدانی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ لەلایەن بەغداوە بە شێوەیەكی تاكلایەنە، ئەوەیش هەر پێچەوانەی دەستوورە، چونكە ھەموو ئەو كارانەی دەكرێن دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر دەستیان پێ كردووە".

لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانەوە، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی، "ھەموو پرسەكان بە مافی مرۆڤیشەوە لەو ناوچانەدا لە ژێر پرسیاردان، بەڵام ناكرێ شوێنێكی وەك خورماتوو بە شوێنەكانی دیكە بەراورد بكەین، چونكە ھەموو تاوانەكان، تاوانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتین لە شارۆچكەی خورماتوو ئەنجام دراون، مادام خەڵك بكوژرێن و خانوو تێك بدرێت و منداڵ شەھید بكرێت و لەسەر خانووی ھاووڵاتیان نووسراوە لێرە بمێنی دەتكوژین، ئەمە واتای ئەوەیە كە تاوانەكان دەرهەق بە كورد ھەموو سنوورێكی تێپەڕاندووە".

وەك گومەشینی ئاماژەی بۆ كرد، "لە ھەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێشێلكاری لەبارەی مافی مرۆڤەوە ھەیە و تاوانی گەورە ئەنجام دراون، بە شێوەیەك چوونی ھاووڵاتیانی كورد بۆ ھەندێ گەڕەكی كەركووك قەدەغە كراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا نوێنەرانی كورد لە بەغدا ھەموو ھەوڵێكیان داوە بۆ راگرتنی ئەو بەعەرەبكردنەی دەكرێت".
Top