جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران وەک جارانی لێ هاتەوە

جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران وەک جارانی لێ هاتەوە
كردنەوەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران جووڵەی خستووەتەوە كەرتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان. بەرپرسێكی ناوچەكەش دەڵێ: جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران وەكو جارانی لێ هاتووەتەوە.

لە 15ی ئۆكتۆبەری 2017 مەرزی حاجی ئۆمەران بە ڕووی هەرێمی كوردستان داخرا، ئەمە ڕێڕەوێكی بازرگانی و هاوردەكردنی كاڵای بەسەر هەرێمی كوردستاندا داخست، جیا لە پەكخستنی گەشتیاری و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، دوای زیاتر لە دوو مانگ و نیو ئەو دەروازەیە بە فەرمی كرایەوە و جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەستی پێ كردەوە، جموجووڵێك کە هەم لە ڕووی ئابوورییەوە، هەم لە ڕووی سیاسییەوە بۆ هەرێمی كوردستان گرینگە.

فەرزنك ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "دوای كردنەوەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی ئاسایی بووەتەوە و وەكو جارانی لێ هاتووەتەوە، ڕۆژانە بارهەڵگرێكی زۆر بە سنوورەكەدا دێن و دەچن، جگە لەوەی ژمارەیەكی ئێجگار زۆر گەشتیار هاتوچۆ دەكەن."

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕوونیشی كردەوە: "چ گەشتیار بێت، چ بازرگانان، هەتا خەڵكی ناوچەكەش بە كردنەوەی سنوورەكە دڵخۆشن، چونكە زۆربەی زۆری خەڵكی ناوچەكە كار و كاسبیان لەو دەروازەیەدایە و گوزەرانیان لەسەر مەرزی حاجی ئۆمەران بەڕێوە دەچێت، بۆیە بە كردنەوەی مەرزەكە كەسابەتی ئەوانیش كەوتووەتەوە كار".
kdp-
Top