" پێویستە کورد بە مەرج بچێتە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق"
بارزان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقدا کورد مەرجی ھەبێت، بەشداری بەبێ مەرج لەوانەیە قورس بێت و ناتوانرێت پێگەی کورد و ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەرز بکرێتەوە، بەتایبەتی کورد مەرجی پێشوەختەی ھەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئێستای نێوان عێراق و ھەرێم."
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: "بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، کە دوای داگیرکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەغدا دەستی بەسەردا گرتوون و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق کورد ناتوانێت دەنگی پێشوو لەو ناوچانە بەدەست بێنێتەوە، ئەوەش دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی کورسیی کورد لە پەرلەمانی عێراقدا بۆ خولی داھاتوو."
دکتۆر شێرزاد زەکەریا، مامۆستای زانکۆ، پێی وایە بەشدارینەکردنی کورد لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقدا زیانی بۆ دۆزی کورد دەبێت لە عێراقدا و دەڵێ: "ڕیفڕاندۆم سڕ کراوە بۆ کاتێکی نادیار تا ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنینەوە وا باشترە بە سیاسەت و بەرنامەی نوێ کورد بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقدا بکات و سەنگی خۆی بپارێزێت، چونکە بەشدارینەکردمان دەبێتە ھۆی غیابی کورد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا و دواتر کاریگەریی دەبێت لەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا زیاتر دژی کورد بوەستنەوە و بڕیارەکانیان دژی کورد بێت."
بارزان عوسمان گوتی: "لە ھەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە نابێ کورد بەو پەرتەوازەییەوە بچێتە خولێکی دیکەی ھەڵبژاردنی عێراق، چونکە ئاشکرایە کۆمەڵیک ھێزی سلێمانی بە تاکلایەنە سەردانی بەغدایان کرد و ھەریەکە و بە لایەکدا دەچێت و نازانرێت ھەڵپەی چییانە بۆ ئەوەی ڕاکەنە بەغدا، ئەگەر فشارێکی سیاسییە کێشە نییە، بەڵام ھەرچوونێک بێت پەرتەوازەییەکی زۆر لە نێوماڵی کوردا دەبیندرێت، ئەمەش زیانی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان."
دکتۆر شێرزاد زەکەریا ئەوەیشی خستەڕوو: "ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ھەموو زلھێزانی جیھان ھانی ھەرێمی کوردستان دەدەن لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەون و بەشدارییان ھەبێت لە حکوومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، بەشدارینەکردنی کورد دەبێتە ھۆی ئەوەی دۆست و ھاوپەیمانەکانمان لەدەست بدەین، لەگەل ئەوەدا عەرەبی سوننەش پشتگوێ خراوە لە عێراقدا و دەکرێ کورد سوودیان لێ وەربگرێت و پێکەوە ببنە ھاوپەیمان دژی شیعە، تا زۆرینە نەتوانێت غەدر لە کورد و سوننە بکات."
kdp-
