بەرپرسێکی گۆڕان سکاڵای یاسایی لە دژی قوباد تاڵەبانی تۆمار کرد

 بەرپرسێکی گۆڕان سکاڵای یاسایی لە دژی قوباد تاڵەبانی تۆمار کرد
سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە داواکاری گشتیی سلێمانی، بەھۆی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی، سکاڵای یاسایی لە دژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمارکرد.


د. غالیب محەمەد، سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بڕیاری دا چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە، ئێمە ئەمڕۆ یەکشەممە ٧/١/٢٠١٨، بەرامبەر ئەو کارەی، بڕیارمان دا سکاڵای یاسایی لە دژی قوباد تاڵەبانی تۆمار بکەن“.

سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، قوباد تاڵەبانی، ”بەمەزاجی خۆی“ خەڵک لە پۆستەکانیان دوور دەخاتەوە، گوتیشی: ”بێ گومان ئەو کاتەش کەسە گەندەڵ و خراپەکان دەمێننەوە و کەسە باشەکان دەردەکرێن، بۆیە ئێمە نامانەوێ قوباد تاڵەبانی وەک دیوەخان خەڵک لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە و کەسی دیکە دابنێت، بەڵکو دەبێت ھەر گۆڕانکارییەک بگەڕێتەوە بۆ ڕێکارە یاساییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی“.

د. غالیب محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کارانەی قوباد تاڵەبانی دەیکات، سەرجەمیان پێچەوانەی یاسایە و ”ئێمە قەبوڵی ناکەین، ھیچ کەسێک دوور لە یاسا دەستێوەردانی ئیش و کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بکات“.








باسنیوز
Top