بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن لە پرۆژەی تونێلی بەنی ھەریر وەستاوە
ھونەر نوری، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە، لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەو ەو نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "ھەرچەندە ڕێژەی %50ی پرۆژەکەی تونێلی بەنی ھەریر تەواو بووە، کە بریتییە لە کردنەوەی تەواوی تونێلەکە، کە کارە قورسەکەیە، ئەو بەشەی کە ماوە تا ڕادەیەک کارەکانی ئاسانن وەکو چاککردنی ڕێگایەکە و کاری ڕووناکی ناو تونێلەکەیە، بەڵام ماوەی دوو ساڵ دەبێت، بەھۆی قەیرانی داراییەوە، کارکردن لە پرۆژەکەدا وەستاوە و چاوەڕوانی چاکبوونی بارودۆخی دارایین، چونکە ئێستا ئەولەویەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چاککردنی مووچەی فەرمانبەرانە، بۆیە ناتوانرێت ھیچ بڕە پارەیەک بۆ ھیچ پڕۆژەیەک دابین بکرێت".
باسی لەوەش کرد، کە ئەوان وەکوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پێدانی پارە بە بەڵێندەرەکان بۆ دەسپێکردنەوە و کارکردن لە پرۆژە تەواونەکراوەکان، "ھیچ بەرچاوڕوونییەکیان پێ نەداوین".
ھونەر نوری گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە 300 پرۆژەمان لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەھەردوو بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بوودجەی حکومەت کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕازامەندی لەسەر دەدرێت، بە تەواونەکراوی ماونەتەوە، لەسەرجەم بوارەکان وەکوو: بیناسازی و چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان و دروستکردنی ڕێگاوبانەکان، دەتوانین بڵێن لە سەدا ٩٩ی پڕۆژەکانمان وەستاون، تاکە پرۆژەمان کە کاری تێدا دەکرێت، پرۆژەی تونێلی مەسیفە، کە کۆمپانیاکە لەسەر توانای خۆی کارەکانی ئەنجام دەدات، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر لەسەرخۆ".
باسنیوز
