ئەبووبەکر ھەڵەدنی: بەشێک لە لایەنگرانی گۆڕان و کۆمەڵ ھێرشی ناڕەوا ئاڕاستەی یەکگرتوو دەکەن
ئەبوبەکر ھەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ماوەیەکە بەشێک لە لایەنگرانی کۆمەڵ و گۆڕان، ھێرشی ناڕەوا ئاڕاستەی یەکگرتوو دەکەن، بەڵام ئێمە ئەوە بەکارێکی نەشیاو دەزانین و پێمان وایە ئەو جۆری مامەڵەکردنە خزمەت بەھیچ لایەک ناکات".
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو، ئەوەشی خستە روو، کە ئەگەر لایەنە سیاسیەکان لەنێوان خۆیاندا لەسەر پڕۆژەیەکی جیاواز یان ھەڵوێستێکی سیاسی بەشێوازێکی مەدەنی ململانێ یان ڕکابەری یەکتری بکەن، ئەوە حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام پەنابردن بۆ ناوزڕاندن یان شکاندنی یەکتری قبوڵکراو نییە.
ئاشکراشی کرد: "یەکگرتوو و کۆمەڵ، لەبەرئەوەی دوو حزبی ئێسلامین، خاڵی ھاوبەشمان ھەیە، بەڵام بەداخەوە زۆرجار بیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتی سەردەکێشێ بۆ ئەوەی لەپێناوی دوو دەنگدا پەنا بۆ ھەڵوێستی ناشەرعی بەرین، ھەرچەندە لە ھەردوو لاوە کاردانەوەی لەو جۆرە ھەیە، بەڵام ئێمە لەئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی داوای ڕاگرتنی ئەو ھەڵوێستە نەشیاوانەمان کردووە، بەڵام زۆر جار گەورەکان ئاو دەڕێژنن و بچوکەکان قاچی تێدەکەن، بۆیە ئەگەر لە سەرەوە ئەو ڕێگریانە بکرێت، ئاستی خوارەوە پابەندی دەبێت".
ئەبووبەکر ھەڵەدەنی، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، گوتیشی: "یەکگرتوو خاوەنی ھەڵوێستی سیاسی خۆیەتی و پاشکۆی ھیچ کەس و لایەنێک نەبووە، قبوڵیشی ناکەین ھیچ لایەنێکی سیاسی سیاسەت بۆ ئێمە دابڕێژێت، ھەروەھا یەکگرتووھەمیشە لەسەر قاچی خۆی وەستاوە و ھەرگیز لەسەر شکاندنی بەرامبەرەکانی خۆی گەورە نەکردوە".
باسنیوز
