وەزارەتی پێشمەرگە: پێگەی پێشمەرگە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا گرێدراوی هێزەكانی عێراق نییە

 وەزارەتی پێشمەرگە: پێگەی پێشمەرگە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا گرێدراوی هێزەكانی عێراق نییە
بەڕێوەبەری دەزگای ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێگەی پێشمەرگە لەلای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش، گرێدراوی هێزەكانی عێراق نییە.



دوای ئەوەی هەواڵەی واژۆكردنی ڕێككەوتنێك لە نێوان وەزارەتی بەرگری بەریتانیا و وەزارەتی بەرگری عێراق لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە ڕێككەوتنەكە بۆ پێدانی چەك و مەشق و ڕاهێنانی سەربازییە، لەو بارەیەوە هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری دەزگای ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕوونە كە پێگەی پێشمەرگە لەلای هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش گرێدراوی هێزەكانی عێراق نییە، بۆیە كاتێك وەزارەتی بەرگریی عێراق پرۆتۆكۆڵێك واژۆ دەكات، ئەوەش مانای ئەوە نییە كە ئەوان نوێنەرایەتیی پێشمەرگە دەكەن".



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستە ڕوو: "لەلای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە تا ئێستا پێشمەرگە پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشی كردەوە: "بەگشتی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەخت دەكەنەوە لەسەر هاوكاریكردنی پێشمەرگە و بەردەوامیی هاوكارییەكانیان ئیتر چی لەڕووی ڕاهێنانەوە بێت، یان خود هاوكاریی دیكە".



باسنيوز
Top