ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: تا یەکێتی کۆنگرە نەبەستێ لێی نزیک نابینەوە
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاند: بزووتنەوەی گۆڕان، ئامادەیە لە ھەموو لایەنێک نزیک بێتەوە، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام ئێمە نامانەوێ لە لایەنێک نیزیک بینەوە کە ڕێز لە ھەڵوێست و ئیرادەی ئێمە نەگرێت".
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکیتی، ئەوەی خستە روو، کە ھیچ کات گۆڕان ”پێی خۆش نەبووە“ ڕێککەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی ھەڵپەسێرێت، بەڵام ”ھەڵوێستی یەکێتی و کەمتەرخەمییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە، وای لە گۆڕان کردووە ئەو ڕێککەوتنە سڕ بکات“.
ئاشکراشی کرد کە ئەو کاتەی بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە ”جێگەی ئومێدی ھەردوولایان بوو“. گوتیشی: "کاتێک یەکێتی گرنگی بە ڕێککەوتنەکە نەدا، ئەو کاتە لایەنگرانمان لە ئێمە نیگەران بوون، بۆیە ئێمەش بەکۆی دەنگی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، کۆتا ھەڵوێستی خۆمان لەسەر ڕێککەوتنەکە دەربڕی".
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، جەختی لەوەش کردەوە: "جارێکی دیکە لەگەڵ یەکێتیی ھاوشێوەی ڕێککەووتنەکە نزیک نابنەوە، تا ئەو کاتەی کۆنگرە دەبەستن“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەگەر زانیمان ئەوانەی یەکێتی بەڕێوە دەبەن کەسانی شیاون و ئامادەن خاوەنی قسەی خۆیان بن، ئەو کاتە ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت".
باسنيوز
