ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: تا یەکێتی کۆنگرە نەبەستێ لێی نزیک نابینەوە

 ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: تا یەکێتی کۆنگرە نەبەستێ لێی نزیک نابینەوە
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوە دەدات کە بەھیچ جۆرێک نایانەوێت لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزیک ببنەوە، تا ئەو کاتەی ئەو حزبە کۆنگرەی خۆی دەبەستێت.



خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاند: بزووتنەوەی گۆڕان، ئامادەیە لە ھەموو لایەنێک نزیک بێتەوە، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام ئێمە نامانەوێ لە لایەنێک نیزیک بینەوە کە ڕێز لە ھەڵوێست و ئیرادەی ئێمە نەگرێت".



ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکیتی، ئەوەی خستە روو، کە ھیچ کات گۆڕان ”پێی خۆش نەبووە“ ڕێککەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی ھەڵپەسێرێت، بەڵام ”ھەڵوێستی یەکێتی و کەمتەرخەمییەکان​ی بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە، وای لە گۆڕان کردووە ئەو ڕێککەوتنە سڕ بکات“.



ئاشکراشی کرد کە ئەو کاتەی بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە ”جێگەی ئومێدی ھەردوولایان بوو“. گوتیشی: "کاتێک یەکێتی گرنگی بە ڕێککەوتنەکە نەدا، ئەو کاتە لایەنگرانمان لە ئێمە نیگەران بوون، بۆیە ئێمەش بەکۆی دەنگی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، کۆتا ھەڵوێستی خۆمان لەسەر ڕێککەوتنەکە دەربڕی".



خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، جەختی لەوەش کردەوە: "جارێکی دیکە لەگەڵ یەکێتیی ھاوشێوەی ڕێککەووتنەکە نزیک نابنەوە، تا ئەو کاتەی کۆنگرە دەبەستن“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەگەر زانیمان ئەوانەی یەکێتی بەڕێوە دەبەن کەسانی شیاون و ئامادەن خاوەنی قسەی خۆیان بن، ئەو کاتە ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت".




باسنيوز
Top