"گەندەڵیی عێراق، كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە تازەئازادكراوەكانی دوا خستووە"
نەجیبە نەجیب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستانی گوت، "بڕیار بوو كۆنگرەیەك بە ناوی كۆنگرەی مالحین بۆ ئاوەداكردنەوەی عێراقی دوای داعش لە وڵاتی كوێت بەڕێوە بچێت، بەڵام كۆنگرەكە بۆ كاتێكی نادیار دوا خراوە و ھەموو وڵاتانی ھاوپەیمانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش تێیدا بەشداری دەكەن، لە كۆنگرەكەدا وڵاتانی كۆمەكبەخش و ھاوپەیمان بە وردی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ و ناوچە وێرانكراوەكانی سەردەمی دەستەڵاتی گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە، تاوتوو دەكەن".
ژمارەیەك وڵاتی جیھان، بە تایبەتی ئەوانەی دژی گرووپی تیرۆریستیی داعش جەنگاون، ئامادەییان نیشان داوە هەروەك چۆن بەشدار بوون لە لەناوبردنی داعش، ئامادەن بەشداریی ئاوەداكردنەوە ئەو ناوچانەیش بكەن كە بە ھۆی شەڕی سێساڵەی تیرۆریستانی داعشەوە وێران بوونە.
وەك نەجیب ئاماژەی بۆ كرد، "ھەریەك لە ئەڵمانیا و كوێت و ژمارەیەك وڵاتی دیكەی ھاوپەیمان بڕێك پارەیان پێشكەش بە سندووقی ئاوەداكردنەوەی عێراقی دوای داعش كردووە، بەڵام بە ھۆی مەترسیی گەندەڵی لەو سندووقەدا ھاوكارییەكان راگیراون و دواخستنی كۆنگرەی مالحینیش ھەر پەیوەندی بە بابەتی گەندەڵییەوە هەیە، لەبەر ئەوە پێویستە وڵاتەكان دڵنیا بن لە شەفافی سندووقەكە ئینجا ئامادەی ھاوكارین".
kdp-
