"سوننەکان داوای هاتنی هێزی ئەمەریکا دەکەن"

گوتەبێژی ھوزە عەرەبەکانی مووسڵ دەڵێت، حەشدی شەعبی لە پێشێلکاری دژ بە سوننەکان بەردەوامە و ئێمەش داوامان کردووە ئەمەریکا هێزەکانی لە ناوچە سونییەکان بڵاو بکاتەوە.

گوتەبێژی ھوزە عەرەبەکانی موسڵ، شێخ مزاحم ئەلحویت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە داوامان لە ئەمەریکا کردووە ھێزەکانی خۆی لە ناوچە سونییەکان بڵاو بکاتەوە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، چونکە ملیشیاکانی حەشدی شەعبی بەردەوام ھەڕەشە لە ھێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، بۆیە ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو ھەڕەشانە دەکەین، چونکە ئەوان ھەڕەشە لە ھێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، واتا ھەڕەشە لە سوننەکان دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەمەریکا دێت سوننەکان دەپارێزێت."

شێخ مزاحم ئەلحویت گوتی: "داواکاریی ئێمەش لە ئەمەریکا بۆ بڵاوەکردنەوەی ھێزەکانی ئەوان لە ناوچەکانی ئێمە بە ھۆی ئەوەیە کە حەشدی شەعبی بەردەوام لەو ناوچانە تاوان دژی سوننەکان ئەنجام دەدەن و بەردەوامیش پێشێلکاری دەکەن."

شێخ مزاحم ئەلحویت دەڵێت: "خەڵکی ئەو ناوچانە دەنگیان داوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە لایەن حەشدی شەعبیەوە بە ھاوکاریی سەرۆکوەزیران داگیر کراون، بۆیە داوامان کردووە ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بەڕێوە ببردرێن."



لەبارەی جۆری پێشێلکارییەکان (ئەلحویت) گوتی: "حەشدی شەعبی خەڵکی ئێمە دەستگیر دەکەن و دەیانڕفێنن و دواتریش گوللەبارانیان دەکەن و جگە لەوە، ئێستا دیاردەیەکی دیکەش دەرکەوتووە، ماڵی خەڵکی تاڵان دەکەن و ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییان دەدزن."



گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ ڕاشیگەیان: "پێشێلکاریەکانیش ئێستا زیاتر لەو ناوچانە دەکرێن، کە دەکەونە سەر سنووری عێراق-سووریا و چەندین ڕێگەشیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی میلیشیاکان بچنە سووریا."
kdp-
Top