"سوپای عێراق هی کورد نییە"
شیلان جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سوپای عێراق لە ھەلومەرجێکدا دامەزرا، سەرەتا گەلانی عێراق ھیوایەکیان ھەبوو، کە سوپا بتوانێ بەرگری لە خاک و ھاووڵاتییانی عێراق بە گشت پێکھاتە و بۆچوونەکانەوە بکات، بەڵام بەداخەوە سوپای عێراق نەک ھەر نەبووە بەرگریکاری عێراق و عێراقیەکان، بەپێچەوانەوە لە سەردەمی ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق سوپای عێراق بۆ چەوساندنەوە و زۆڵم و زۆرداری پێکھاتەکانی عێراق بەکار ھێندرا."
بە درێژاییی مێژووی دامەزراندنی، لە سوپای عێراقدا ڕێژەی کورد وەک پێکھاتەیەکی سەرەکیی عێراق وەک پێویست نەبووە، ھەرچەندە لە دامەزراندنی یەکەم فەوجی سوپادا، بە ناوی ئیمام کازم، کورد بەشداریی ھەبووە، بەڵام ئەفسەر و سەربازە کوردەکان ھەر دوای ماوەیەک دەستیان لە سوپا بەردا و نەیانتوانی بە ھۆی سیاسەتی دژایەتیی کورد لە نێو سوپادا بەردەوام بن.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سوپای عێراق لە ھێرشکردنە سەر خاکی کوردستان تۆمەتبارە و لە ھەموو ئەو تاوان و کارەساتانەی بەسەر میللەتی ئێمەدا ھاتوون، وەک ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی پێنج ھەزار گوند و دێھاتی کوردستان، سوپای عێراق بەشدار بووە."
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـوە جارێکی دیکە بە بەشداریی ھەموو پێکھاتەکان سوپای عێراق دامەزرایەوە و مەرجی دامەزراندنی سوپاش لە چوارچێوەی بنیادنانەوەی عێراقی نوێدا بوو، کە عێراق دەوڵەتی ھەموو پێکھاتەکان بێت و سوپا دوور بێت لە ململانێی سیاسی و مەزھەبی و ئایینی، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند، جارێکی دیکە بە پیلانێک کورد دوور خرایەوە لە ڕیزەکانی سوپا.
وەک شیلان جەعفەر ڕوونی کردەوە: "بە پێی ماددەی ٩ی دەستووری عێراق دەبێ سوپا دوور بێت لە سوپای مەزھەبی و ھەموو پێکھاتەکان تێیدا بەشدار بن، بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکرا و ئێستا سوپای عێراق سوپایەکی مەزھەبیی شیعیە و کار بۆ بەرژەوەندییەکانی شیعە دەکات.''
شیلان جەعفەر گوتی: "ڕێژەی کورد نەک ھەر کەمە لە نێو سوپای عێراقدا، بگرە نزیک بووتەوە لە سەدا سفر، چونکە ھیچ ڕێژەیەکی ئەوتۆ نەماوەتەوە."
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تا ئەمڕۆش سوپای عێراق بەردەوامە لە چەوساندنەوە و سەرکۆتکردنی میللەتی کورد، لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا سوپای عێراق دیسان ھێرشی کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و بەشێکی خاکی کوردستانی داگیر کرد، بینیمان لە کەرکووک و خورماتوو سوپا چی بەسەر کورد ھێنا و تاوانەکان لە تاوانی جەنگی دەربازبوون و لە ھەندێ شوێن زۆر بەداخەوە سوپای عێراق تاوانی ئەخلاقیی دژی ئافرەتی کورد ئەنجام داوە، بۆیە ئێمە ئەو سوپایە بە سوپای خۆمان نازانین."
kdp-
