یەکگرتوو: سێ لایەنەکە بۆ خۆنمانیشکردن و بانگەشەی ھەڵبژاردن لەگەڵ عەبادی کۆبوونەتەوە
موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەی ھەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھیچ سوودێکی نییە و جگە لە خۆنمایشکردن و بانگەشەی ھەڵبژاردن، ھیچ شتێکی دیکە نییە، چونکە تەواوی کێشەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ھەولێر و بەغداوە ھەیە، بۆیە تەنھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بێگومان ھەر لایەنێکیش بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەغدا کۆبێتەوە، ڕۆڵێکی کارا ناگێڕێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەگەر شاندەکە، باسی ناکۆکییەکانی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کرد بێت، کارێکی مەترسیدارە و زیانێکی گەورە لە ئایندەی ھەرێمی کوردستان دەدات، چونکە ”ئەگەر عەبادی بە کێشە ناوخۆییەکانی کورد بزانێت، زیاتر ھانی دەدات بۆ ئەوەی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان فەرامۆش بکات، یان بەھۆی ئەو کێشانەوە عەبادی دەروازەیەکی باشی دەست دەکەوێت بۆ ئەوەی یاری بە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بکات“.
ئاشکراشی کرد کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر لە بەغدا ناکرێت، بەڵکو لەناو کایەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا عەبادی بەپێی دەستووری عێراق، بۆی نییە تەداخولی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان بکات، ھەروەھا ”نابێت کێشەکانمان بۆ بەغدا ببەین، چونکە ئەم ھەنگاوە وا لە بەغدا دەکات، کێشەکانمان زیاتر قوڵ بکاتەوە“.
موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "کۆبوونەوەی ئەو سێ لایەنە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، جگە لە خۆنمایشکردن و بانگەشەی ھەڵبژاردن، ھیچ شتێکی دیکە نییە، ئەگەر مەبەستیان بانگەشەی ھەڵبژاردن نییە بۆچی پێشتر بۆ بەغدا نەچوون، یان ئەگەر ئەو سێ لایەنە پڕۆژەیەکیان پێیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان، دەبوایە لانی کەم لەگەڵ یەکگرتوو قسەیان بکردایە".
باسنیوز
