ئەمڕۆ ژمارەیەک تەقینەوە و کوشتن لە بەغدا روویان دا
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 6/1/2018، چەند چەکدارێک هەڵیان کوتاوەتە سەر خانووێک لە ناوچەی ئیعلام لە باشووری رۆژئاوای بەغدا و ژن و پیاوی خاوەن ماڵەکەیان بە چەقۆ بریندار کردووە و هەڵاتوون.
هەر ئەو میدیایانە بڵاویان کردووەتەوە، کە رۆژی شەممە ژمارەیەک چەکداری دیکەی نەناسراو شۆفێرێکیان لە ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی کەمالییە لە رۆژهەڵاتی بەغدا هێناوەتە خوارەوە و کوشتوویەتیان.
هەروەها بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە شەقامێکی بازرگانی لە ناوچەی زێدان لە رۆژئاوای بەغدا، کە سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە تەقییەوە، هاووڵاتییەک کوژراوە و سێی دیکەش بریندار بوون.
بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بڵاوبوونەوەی دەیان میلیشیای چەکداری و تیرۆریستی لە شارەکانی عێراق بە تایبەت لە بەغدای پایتەخت، رۆژانە کردەی تیرۆریستی، کوشتن و رفاندنی هاووڵاتییان روو دەدەن.
باسنيوز
