لە هەولێر دژی سوپای عێراق گردبوونەوەیەك ساز کرا

 لە هەولێر دژی سوپای عێراق گردبوونەوەیەك ساز کرا
لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر دژ بە پشووكردنی یادی دامەزراندنی سوپای عێراق، گردبوونەوەیەك ساز درا.

رێباز یوسف، بەرپرسی تۆڕی رێكخراوە مەدەنییەكانی هەولێر و رێكخەری خۆپیشاندانەكە بە (كوردستان 24)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ 6/1/2018، ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقە، ئێمەش وەك تۆڕی رێكخراوە مەدەنییەكانی هەولێر گردبوونەوەیەكی ناڕەزایمان ئەنجام دا و لەو گردبوونەوەدا ویستمان بە حكوومەتی عێراق بڵێین كە پشووی فەرمی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق هەڵبوەشتێتەوە، چونكە بە درێژایی مێژوو ئەو سوپایە دژ بە گەلی كورد وەستاوەتەوە و خەڵكی جینۆساید كردووە".

ڕێباز یوسف ڕاشی گەیاند: "ئێمە داوامان كرد رۆژێك بە فەرمی دابنرێت بۆ پێشمەرگە و وەك ڕۆژی نیشتمانی دابنرێت و ئێمە ڕاوێژمان لەگەڵ یاساناسان كردووە بۆ ئەوەی هەر لە چوارچێوەی بەیاننامەی ناڕەزایی هەوڵەكانمان نەمێنێتەوە و بۆ ئەوەی ئەو رۆژە وەک پشوو نەمێنێت و ڕۆژێکی دیکە بەناوی پێشمەرگەوە دیاری بکرێت و بیكەینە پرۆژە یاسا و لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەر بدرێت".

بەرپرسی تۆڕی رێكخراوە مەدەنییەكانی هەولێر ڕوونیشی كردەوە: "دەمانەوێت ئەو رۆژەی كە وەك پشوو بۆ ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق دیاری كراوە لاببرێت و لە جێگەكەی ڕۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت".









باسنيوز
Top