فەلاح مستەفا: کۆنفیدڕالی باشترین چارەسەرە بۆ کێشەکانی عێراق

 فەلاح مستەفا: کۆنفیدڕالی باشترین چارەسەرە بۆ کێشەکانی عێراق
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە سیستەمی کۆنفیدڕالی باشترین بژارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێەکانی عێراق.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی (زە ھێڵ)ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، گەلی کوردستان ناسنامە و رۆشنبیریی تایبەت بەخۆی ھەیە، بۆیە دوای شکستھێنانی پەیوەندیی ھەولێر و بەغدا، ھەرێمی کوردستان ھەوڵی دا بەدیلی دیکە بدۆزێتەوە.

فەلاح مستەفا ھەروەھا رایگەیاندووە، دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، کورد گەڕایەوە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە ھاوبەشییەکی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان بە دادپەروەردی بەسەر گەلی عێراق و کوردستان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە چەسپاندنی فیدڕالییەت لە عێراق، گەشەی کرد و پەیوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانی جیھان دروست کرد، بەڵام ”بەھۆی سیاسەتی تائیفیی بەغدا، بەشەکانی دیکەی عێراق نەیانتوانی ھەرێم دروست بکەن و گەشە بکەن“.

فەلاح مستەفا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کورد و عەرەبی شیعە باشترە بیر لە داڕشتنەوەی سیستەمی پەیوەندییەکانیان بکەنەوە و ”کۆنفیدڕالی باشترین بژارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا“.

ھەروەک فەلاح مستەفا رایگەیاندووە، ئەگەر حکوومەتی عێراق دەیەوێ ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە، ئەوا ”دەبێ سیاسەتی ئێستای بگۆڕێت، چونکە بێ بەشکردنمان لە مافەکانمان بەردەوام نابێت“.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا رایگەیاندووە، کە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر گەلی کوردستان، داخستنی فڕۆکەخانەکان و ھەوڵدان بۆ گۆشەگیرکردنی کوردستان لە ئاستە نێودەوڵەتییەکان، زیانێکی زۆری بە گەلی کوردستان و زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی عەرەب لە کوردستان، گەیاندووە.

فەلاح مستەفا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، کە ھاوکاریی عێراق نەکەن لەسەر حیسابی کوردستان و رایگەیاندووە، ”بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆی سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ھەموو عێراق“.

فەلاح مستەفا ھۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق بەردەوام بێت و مافەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەکانی دیکە نەدرێت، ئەوا ”بارودۆخی عێراق بەردەوام ناسەقامگیر دەبێت و لە رووخان نزیک دەبێتەوە، کە لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە“.








باسنيوز
Top