سەردانەکەی پاڤڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا نیگەرانیی نێو باڵەکانی یەکێتی زیاد دەکات

 سەردانەکەی پاڤڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا نیگەرانیی نێو باڵەکانی یەکێتی زیاد دەکات
سەردانەکەی پاڤڵ تاڵەبانی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق و دیداری لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، نیگەرانی لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست دەکات و ناکۆکیی نێو باڵەکانی یەکێتی قووڵتر دەکاتەوە.



بەپێی ئەو زانیارییانە لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری سەرکردایەتیی یەکێتییەوە دەستی کەوتووە، سەردانەکەی پاڤڵ تاڵەبانی بۆ لای عەبادی، بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەو سەرکردانەی کە لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتییەوە نزیکن و ئەوان پێیانوایە کە لە کاتێکدا بەهۆی نەخۆشکەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵەوە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی وەستێنراون، سەردانەکەی پاڤڵ تاڵەبانی باز دانە بەسەر دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی.



لەلایەن خۆیەوە سەنگەر عەبدولسەمەد، کارگێڕی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”هیچ شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبێ پرس کردن بە کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕای ئەو و بڕیاری ئەو، فەرمی نییە، جا ئەو شاندە بۆ لای حکوومەتی عێراق یان هەر شوێنێک بێت“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 6/1/2018، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، ”ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی دەبێت، هەم بۆ ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەم بۆ هەرێمی کوردستان“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێستا یەکێتی پێویستی بەوە هەیە، یەکڕیزیی ناوخۆیی بپارێزێت.



ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 4/1/2018، پاڤڵ تاڵەبانی بەناوی شاندێکی یەکێتی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ عەبادی کۆبووەوە، هەمان ڕۆژ شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری سەردانی عەبادییان کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئیحسان شەممەری، ڕاوێژکاری عەبادی گاڵتە بە کورد بکات و ڕۆژی پێنجشەممە بە ”رۆژی حەجی کورد بۆ بەغدا“ وەسف بکات.



باسنیوز
Top