هادی عامری بۆ شاندێکی خورماتوو: ناتوانم داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەم

 هادی عامری بۆ شاندێکی خورماتوو: ناتوانم داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەم
بەپێی زانیارییەکان رۆژی پێنجشەممە 4/1/2018، شاندێک لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی خورماتوو بۆ خستنەڕووی تاوانەکانی حەشدی تورکمانی کە دژ بە ھاووڵاتییانی خورماتوو، بەتایبەت لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەنجامیان داوە، سەردانی بەغدا و کەربەلایان کردووە.



ھەر بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی خورماتوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومیی عێراق لە بەغدا کۆبوونەتەوە، ھەروەھا لەگەڵ نوێنەری عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق و بڕیاریشە لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای عێراق کۆ ببنەوە و ھەوڵی گەڕانەوەی ئاوارەکانی خورماتوو بدەن.



مەلا ھاوار داودی، سەرپەرشتیاری شاندە کۆمەڵایەتییەکەی خورماتوو بۆ بەغدا و کەربەلا، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "لەمیانەی سەردانەکەمان بۆ کەربەلا، چاومان کەوت بە نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق و ھەموو ڕاستییەکانمان لەبارەی کارەساتی خورماتوو خستە ڕوو، ھەروەھا بڕیار درا نوێنەرێک لە مەرجەعیەتەوە سەردانی خورماتوو بکات".



ئەوەشی خستە ڕوو: "ھەروەھا لەگەڵ ھادی عامری، فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی کۆبووینەوە و دوای تاوتوێکردنی دۆخی خورماتوو، بە ئێمەی گوت، ئێستا ناتوانم بڵێم با ئاوارەکان بگەڕێنەوە".



لەلایەکی ترەوە شاندەکەی خورماتوو چاوی بە عەمار حەکیم، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی و سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کەوتووە.



بەپێی ڕاپۆرتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، میلشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، سەدان خانووی ھاووڵاتییانی کوردیان سوتاندووە، یان بە تاڵانیان بردووە و تەقاندوویانەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانە دێت کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەوڵی بۆ دەدەن.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.



باسنيوز
Top