شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆن پشتیوانیی خۆپیشاندانی گەلانی ئێران دەکەن
ئەو ڕاگەیەندراوە هاوبەش کە لەلایەن "حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێکخراوی یەکێتیی ەداییانی گەلانی ئێران، ئەنجومەنی کاتیی سوسیالیستەکانی چەپی ئێران، ئەنجومەنی هاوکاریی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی دیموکرات و لائیکی ئێران. بڵاویان کردووەتەوە، تێیدا باس لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران کردووە کە دەڵێن: "قەیرانی ووڵی ئابووری، گەندەڵیی لەڕادەبەدەر لە دامودەزگا حکوومییەکان و دزیی بەرپرسانی باڵا، هۆکاری سەرەکیی هاوار و ناڕەزایی گەلانی ئێرانە".
لە ڕاگەیەندراوی ئەو شەش پارتە سیاسییەدا هاتووە: "لە ماوەی سی و نۆ ساڵی ڕابردووی حکوومەتی ئێراندا کە کابینەکانی وەک "خزمەتگوزار، بووژانەوە و ڕیفۆرمخواز، ئیمام زەمانی و ئێستاش "بەمشوور و ئومێد" هاتوونەتە مەیدان کە ئەوەی لە داهات و سامانی گەلانی ئێران ماوە بەتاڵانی بەرن و دەبینین وەڵامی ویست و داخوازییەکانی ئێرانی لە خۆپیشاندانەکاندا بە ئاگر و ئاسن و سەرکوت و گرتن دەدرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی ئەو شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەدا هاتووە: "داخرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی، تەلەگرام، ئینتساگرام" بۆ کپکردنی دەنگی ناڕزاییان و پێشگیرییە لە ڕووماڵی راستەقینەی دەنگی خۆپیشاندەران و ڕێفۆرمخوزانیش بە چەاشەکاری و گشتبێژی بەناوی ڕەخنەوە بەشێکن لە سیاسەتی سەرکوتی ئێران".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەوە ئەرکی سەرشانی هەموو ڕێکخراو و هێزە سیاسی، نەتەوەیی، چەپ، دیموکرات و ئازدیخوازەکانە کە لەم دۆخە قەیراناییەی ئێراندا چالاکییەکانی خۆیان لەپێناو پشتیوانی لە خەباتی گەلانی ئێران و گەیاندانی دەنگیان بە گوێی ناوەندە جیهانییەکان بخەنە گەڕ و هەموو هەوڵیان بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانێتییەکی دیموکرات و لائیک و ئازادیخواز بێت".
باسنيوز
