لە کۆیە حەوت کەس بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە بریندار بوون
زاھیر محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە، لەم بارەیەوە ڕايگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ھەینی 5/1/2018، لەسەر ڕێگای کۆیە – ھەولێر، بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە، حەوت ھاووڵاتی بریندار بوون".
باسی لەوەش کرد، کە ئەو ڕووداوە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تایبەت ڕووی داوە، ھۆکارەکەشی "پابەندنەبوون بووە بە ڕێنمایی و یاسای ھاتوچۆ".
بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە ئاماژەی بەوەش دا، کە دوای ڕووداوەکە، بریندارەکان گواستراونە نەخۆشخانە، ڕێکاری یاسایی و لێکۆڵینەوەش دەستی پێ کردووە.
زاھیر محەمەد ئەوەشی خستە ڕوو، کە بەدەر لەوەی بەشێکی ڕووداوەکان بەھۆی پابەندنەبوونی ڕێنماییەکانی ھاتوچۆیە لەلایەن شوفێران، "یەک سایدی و خراپی ڕێگاکەش، ڕۆڵی بەرچاوی لە دروستکردنی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ ھەیە".
باسنيوز
