کۆسرەت ڕەسول بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە

 کۆسرەت ڕەسول بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و سەرکردەیەکی یەکێتیش ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕێن لە دوای گەڕانەوەی، ڕۆڵێکی کاریگەر لە گۆڕەپانەکەدا بگێڕێت.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "کۆسرەت ڕەسوڵ جێگە و مەکانی خۆی ھەیە، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و یەکێکە لە تێکۆشەرەکان و پیاوە ماندووەکانی خەڵکی کوردستان، دیارە ئەو کاتەکەی نەخۆش کەوت، ھەموو خەڵک بۆی بەداخ بوو، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە لێرە نییە، سەرکردایەتیی یەکێتی نەیتوانیوە کارەکان یاخود کۆبوونەوەکانی خۆی جێ بەجێ بکات".

لەبارەی گەڕانەوەشی ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە هەموو چاومان لەوەیە بە هاتنەوە، بتوانێت ڕۆڵی خۆی وەکو جاران ببینێت و پاڵنەرێک بێت بۆ پێشەوەچوونی ھەموو کارەکان و ھەوڵێک بدرێت لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان، ئەو دۆخەی کە لە کوردستاندا ھەیە، ڕۆڵ و کاریگەری ھەبێت، خۆشی پیاوێکە قاڵ بووە لە خەبات و تێکۆشان، تەمەننا دەکەین ڕۆڵێکی باش بگێڕێت لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان".

مستەفا چاوڕەش هیوای ئەوەی خواست دوای گەڕانەوەی، یەکێتییەکان پشتیوانی لە کۆسرەت رەسوڵ بکەن.

هاوکات ڕەهبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی ڕايگەیاند: "وام بیستووە کاک کۆسرەت ڕەسوڵ ڕاستەوخۆ لە ڕێی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان هەروەها ئەو زانیاریانەش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کراونەتەوە".

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، کە ئێستا لە کۆیەیە و بەهۆی ئیشوکارەوە ناتوانێت سبەی بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، دەشڵێت: "هیوادارم بە لەش ساخی و تەندروستی باشەوە بگەڕێتەوە و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکرێت و ئەو دۆخە تێپەڕێنرێت".

بڕیارە سبەی شەممە 6/1/2018، کۆسرەت ڕەسول، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بگاتەوە هەرێمی کوردستان.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 11/11/2017، کۆسرەت رەسول باری تەندروستی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانەی (فارووق)ی پزیشکی لە سلێمانی، پاشان نەشتەرگەرییەکی ریخۆلەی بۆ ئەنجام درا و دواتر بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەرەو ئەڵمانیا بەڕێ خرا.










باسنيوز
Top