سروە عەبدولواحید: حەشدی شەعبی ئەرکی ئەخلاقیی خۆی بەجێهێناوە و دەبێ پاداشت بکرێ
لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (مەیادین)ی نزیک لە حزبوڵای لوبنانی، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێزانەی سەرقاڵی تەعریبکردنەوەی کوردستانن، نزیکن لە هادی عامری، فەرماندەی گشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
لەبارەی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەریشەوە، سروە عەبدولواحید دەڵێت: ”بە دڵنیاییەوە ڕێککەوتن هەبوو لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکوومەتی عێراق، سەرکردەکانی یەکێتی باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ حکوومەتی ئیتیحادی و لایەنی ئێرانیش ڕێککەوتن کراوە. کەسە دیارەکانی نێو یەکێتی باس لەوە دەکەن کە ڕێککەوتنێک هەبووە، بەوە وەسفی دەکەن کە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی کەرکووکە. پێویستە یەکێتی وەڵام بداتەوە کە لە بەرامبەر چی ڕێککەوتنیان کردووە“.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو سەدان پێشمەرگە و هاووڵاتییە سڤیلەی کوردستان کە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە شەهید کراون، ئاماژەی بەوە داوە: ”حەشدی شەعبی ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی و ئایینیی خۆی بەجێ هێناوە، دەبێ پاداشت بکرێن“.
باسنيوز
