هەڵەبجە.. كەمپینێك بۆ نەگەڕاندنەوەی پێشینەكان ڕاگەیەندرا
هەورامان سەجادی، چالاكوانی هەڵەبجە و یەكێك لە ڕێكخەرانی كەمپینەكە ڕاگەیاند: "وەك ژمارەیەك چالاكوان و گەنجی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دەستمان کرد بە ڕاگەیاندنی كەمپینی (نا بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەكان لە هاووڵاتیان)، كە تێیدا واژۆ كۆ دەكەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو فشارەی، كە لەلایەن حكوومەتەوە دەكرێت لە هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەكانی (قەرزی بچووكی گەنجان، هاوسەرگیری، خانووبەرە) بوەستێنرێن و لێیان وەرنەگێرێتەوە".
ڕوونیشی كردەوەو گوتی: "كەمپینەكەمان لە پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیاندووە و بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت و دواتر واژۆكان لەگەڵ یاداشتنامەیەكدا دەگەیەنینە سەرۆكایەتی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی كاری بۆ بكرێت و ئەو پێشنیانە وەرنەگیرێتەوە".
ئەو چالاكوانە هەڵەبجە گوتیشی: "لە حاڵەتێكدا ئەگەر سەرۆكایەتیی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان، نەهاتن بەدەم داواكارییەكەمانەوە، ئەوكات ئێمە بۆ ئەو مەبەستە پەنا دەبەینە بەر حكوومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی".
bas news-
