پۆلیسی سلێمانی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ئاشکرا کرد
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، رای گەیاند، کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ٢٣ ھاووڵاتی بە ئەنقەست کوژراوە و ھەوڵی فڕاندنی ٢٧ ھاووڵاتیش دراوە.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤⁄١⁄٢٠١٨، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "لە ئاماری ساڵی ٢٠١٧دا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ٢٣ حاڵەتی کوشتنی بەئەنقەس تۆمارکراوە، ١٦ کەس لەسەر ئەو تاوانانە دەستگیر کراون و دواتر بەڕێکاری یاسایی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، ٢٩ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی دەستکەوتنی سەرەداوی گرنگ، ھەشت حاڵەتی لە دادگا یەکلایی بوونەتەوە، بەڵام ھەندێکی لەبەر کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست کەیسەکانی خۆکوشتن لە دادگا وەک خۆی ماوەتەوە.
ئاشکراشی کرد، لە کۆی فەرمانی دەستگیرکردنی 6 ھەزار و ٢٢٧ ھاووڵاتی تائێستا 4 ھەزار ٣٠٤ کەس دەستگیر کراوە، بەڵام ئەوان ھەوڵی ئەوە دەدەن، بەڕێکاری یاسایی و بڕیاری دادگە ئەو کەسانەی تاوانیان کردووە دەستگیریان بکەین.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لەو پرێس کۆنفرانسەدا، ئەوەشی روون کردەوە، کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ تاکو کۆتایی، ٢٧ حاڵەتی ڕفاند و ھەوڵی ڕفاندن تۆمار کراوە، خۆشبەختانە سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ھەروەھا ھەزار و ٢٨٤ حاڵەتی ھەڕەشەکردن تۆمارکراوە کە ھەزار و ٢١٧ تۆمەتبار دەستگیر کراون، ھاوکات ١٠ باندی دزیکردن دەستگیراوە.
bas news-
