داوا لە شارەوانی دەکرێت باجی ساڵانە لە خاوەن مەزرەعەکانی سنووری هەولێر وەربگرێت

داوا لە شارەوانی دەکرێت باجی ساڵانە لە خاوەن مەزرەعەکانی سنووری هەولێر وەربگرێت

داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکرێت، باجی ساڵانە لە مەزرەعەکانی سنووری هەولێر وەربگرێت و قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێریش ڕای دەگەیەنێت، وەرگرتنی پارە بەپێی قەبارەی مەزرەعەکان لە سنووری شاری ھەولێر، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر ڕاگەیاند: "پیشنیارێک ھەبوو بۆ ئەوەی پارە بەپێی قەبارەی مەزرەعە لە سنووری شاری ھەولێر وەربگیرێت، بۆ ئەوەش وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیان لەسەر بابەتەکە کردووە، بەڵام ھێشتا ھەر پێشنیارە و نەکراوەتە بڕیار، بێگومان ئەگەر بکرێتە بڕیاریش، ئەوا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ئەو بەرپرسە ئیدارییە باس لەوەش دەکات، ئەگەر بێت و پێشنیاری وەرگرتنی پارە بەپێی قەبارەی مەزرەعەکان بکرێت بە بڕیار و جێبەجێ بکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە سوودی بۆ حکوومەت دەبێت و دەبێتە داھاتێک، ھەروەھا ئەو زیادەڕەوییانەش بەو شێوەیە چارەسەر دەکرێن".

ھەر لەو بارەیەوە بارزان خدر سوارە، جێگری سەرۆکی لێژنەی شارەوانییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر،ڕاگەیاند: "تا ئێستا ھیچ کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێمان باشە پێشنیارەکە بکرێتە بڕیار و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و مەزرەعەکان بە شێوەیەکی زانستییانە خەمڵاندنیان بۆ بکرێت".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەشڵێت: "ئێستا ئەوە بووەتە واقیعی حاڵ کە زیادەڕەوی لەسەر ئەو پارچەزەوییانە کراوە، بۆیە ئەگەر حکوومەت بتوانێت بە شێوەیەکی باش کۆنترۆڵی ھەموویان بکات، باشە بیانگەڕێنێتەوە، بەڵام لەوانەیە ئەو کارە لەم کاتەدا جێبەجێکردنی ئەستەم بێت، بۆیە وا باشترە حکوومەت ساڵانە بۆ ھەر دۆنمێک زەوی، بڕێک پارە لە خاوەنی مەزرەعەکان وەربگرێت و ئەوەش دەبێتە داھات بۆی، یان پێیان بفرۆشێت"
bas news-
Top