سیاسەتمەداران: سەردانی شاندی حزبی كارێكی خراپە و زیان بە بەرژەوەندییەكانی كورد دەگەیێنێت
ئەمڕۆ شاندێكی ھاوبەشی گۆڕان و كۆمەڵ و ھاوپەیمانیی دیموكراسی و دادپەروەری سەردانی بەغدایان كردووە کە وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن "باسکردنە لە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنیان!"، چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە ھەر جۆرە سەردانێك بەبێ كۆدەنگیی لایەنەكان، لە بەرژەوەندیی عێراقە و زیانی زیاتر دەبێت لە قازانج بۆ گەلی كورد.
سایتی "خەندان" نزیک لە بەرهەم ساڵح، کە سەرۆکایەتیی ھاوپەیمانیی دیموكراسی و دادپەروەری دەکات بڵاوی کردووەتەوە، شاندە هاوبەشە حزبییەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراقیش کۆ دەبنەوە.
سیاسەتمەداری باشووری كوردستان دكتۆر مەحموود عوسمان، لەوبارەوە بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان بە جیا بۆ بەغدا، كارێكی خراپە و زیان بە بەرژەوەندییەكانی كورد دەگەیێنێت، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەكان پێكەوە كۆ ببنەوە و لەسەر بەرنامەیەك رێك بكەون و بە ھاوبەشی سەردانی بەغدا بكەن و گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا بكەن".
دكتۆر مەحموود جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە پێویستە گفتوگۆكانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە رێگەی ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغداوە بێت و ئاساییە ئەوان لەناو حكوومەتیش نەبن، "دەكرێ شاندێكی حكوومەت بچێتە بەغدا و ئەوانیش لەناو شاندەكەدا بن، ئەمە بۆ بەرژەوەندیی گشتییە و بەو شێوە باشترە، بۆیە ئەو حیزب و لایەنەی بە جیا سەردانی بەغدا بكات، كارێكی باش نییە و پێگەی ئێمە لاواز دەكات".
ئەو سیاسەتمەدارە باوەڕی وایە، "حكوومەتی عێراق ئەوان بە لاواز دەیانبیێ و جگە لە زیان هیچ ئەنجامێكیشی نابێت."
"یەكێك لەو رەخنانەی پێشتر لە لایەنە كوردستانییەكان ھەبوو، ئەوە بوو كە نەمانتوانی بە گوتارێكی یەكگرتوو بچینە بەغدا بۆ دانوستان، دەستوور رێگەی بەوە داوە لایەنە سیاسییەكان پەیوەندییان ھەبێت، بەڵام لەم قۆناغەدا چوونی ھەر شاندێكی حزبی و بە پەرتەوازەیی یانیش بەبێ یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد، بەرانبەرەكەیشمان كە بەغدایە بەو شێوەیە دەیخوێنێتەوە ئێمە یەكڕیز نین و لەنێو خۆماندا یەكگرتوو نین، لەبەر ئەوە پێم وایە كاتەكە لەبار نییە تا ھەر لایەنە و بە روانگە و بیروباوەڕی خۆیەوە بچێت لەگەڵ بەغدا دانوستان بكات." ھیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وایگوت.
سەردانی ئەم شاندە حزبییە لە کاتێکدایە کە شاندێکی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغدا کۆبوونەوەیان دەبێ لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە و، حکوومەتی بەغدایش ئامادەیی بۆ دانوستانی باڵاتر و فراوانتر لەگەڵ حكوومەتی هەرێم دەربڕیوە.
ھیوا سەید سەلیم گوتی، "وەها سەردانێک لەم قۆناغەدا كە ھێشتا دانوستان دەستی پێ نەكردووە لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقدا، ھیچی لێ سەوز نابێـت، چونكە ئێستا ھەموو جیھان پاڵپشتیی ئەوە دەكات بەغدا راستەوخۆ دەست بە دانوستان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بكات، ئەگەر شاندی ھەندێ لایەنی سیاسی سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی دانوستان لەبارەی پرسەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بكەن، پێویستە پرس بە پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێم بكەن."
kdp-
