"رەوشی دەشتی نەینەوا زۆر خراپە"

جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵیت، ڕەوشی دەشتی نەینەوا، بە تایبەت شنگال، زوممار و ڕەبیعە زۆر خراپە.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە باڵێکی خیانەتکاری نێو حزبێک پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبیان هێنایە نێو خاکی کوردستان و کەرکووک ڕادەستی حەشدی شەعبیان کرد و دواتر ڕێگایان بۆیان خۆش کرد تا بچنە ناوچەکانی دیکە و تەواوی دەشتی نەینەواش کەوتە دەست ئەو هێزە میلیشیایە.

عەلی عومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا ڕەوشی دەشتی نەینەوا بە تایبەت شنگال و زوممار و ڕەبیعە زۆر خراپە، چونکە هیچ خزمەتگوزارییەک لە ناوچەکەدا نییە و خەڵک لە بێخزمەتگوزاری دەناڵێنن.''

جیگری پارێزگاری مووسڵ ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەگەر ڕەوش بەم شێوەیە بێت ئازارەکانی خەڵک زیاتر دەبن، چونکە خەڵکی ئەم ناوچانە زیاتر لە هەمووان پێویستیان بە خزمەتگوزاریە.''

ئەو دەشڵێ: ''لە تەلەعفەر داعش زوڵم و ستەمی لە خەڵکی شنگال کرد و هەر لەبەر ئەمەش ئێزدییان ناتوانن بچنە مووسڵ و تەلەعفەر، بەڵام حەشدی شەعبی ناچاریان دەکات بەو ڕێگایانەدا تێپەڕ بن بۆ ناوچەکانی تر.''
kdp-
Top