شاندی تەندروستی و پەروەردەی هەرێم: لیستی مووچەمان ڕادەستی بەغدا کرد

شاندی تەندروستی و پەروەردەی هەرێم: لیستی مووچەمان ڕادەستی بەغدا کرد
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق شاندی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆبونەوەکە جیددی بوو و زانیاریی تەواوی موچەخۆرانی ھەردوو وەزارەتی ھەرێم لە لایەن ئێمەوە درا بە بەرپرسانی بەغدا بە شێوەی بایۆمەتری، مووچەی تەواو، بێ پاشەکەوت.

لە ڕاگەیاندراوێکدا، ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ھەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: "دەربارەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی نوێنەرانی ھەردوو وەزارەت لە بەغدا، یەکەم کۆبونەوەی لێژنەی باڵای وردبینیی میلاکی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە لە ڕۆژی پێنجشەمە ٤-١-٢٠١٨ لە دیوانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ ئەنجام درا، لە کاتژمێر ۹:۳۰ خولەکی بەیانی تاوەکو کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ، بە ئامادەبوونی سەرۆک و ھەموو ئەندامانی لێژنەکە. کۆبونەوەکە جیددی بوو و زانیاریی تەواوی مووچەخۆرانی ھەردوو وەزارەتی ھەرێم لە لایەن ئێمەوە درا بە بەرپرسانی بەغدا بە شێوەی بایۆمەتری، مووچەی تەواو، بێ پاشەکەوت."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "لە لایەن خۆیانەوە ئەندامانی لێژنەکە لە حکوومەتی ناوەند، ھەستان بە وەرگرتنی لیستەکان و پێیان ڕاگەیاندین، کە بە زووترین کات دەست دەکەن بە ئەنجامدانی وردبینیی خۆیان، لە ڕێگەی لێژنەی ھونەریی تایبەت بە وردبینی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی چاودێریی داراییی عێراق. دوای پێکھێنانی لێژنە فەرعییەکان دەست دەکەن بە سەردانی ھەرێم و دەست نیشانکردنی چەند بابەتێک بۆ وردبینی و داوای ھەماھەنگی و کارئاسانیان کرد، ئێمەش ئامادەییی خۆمان دەربڕی بۆ تەواوی ھاوکاری و ھەماھەنگی. بڕیار درا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و بە پێی پێویست، تا ئەوکاتەی وردبینی تەواو دەکرێت، شاندی ھەرێم ھەموو ھاوکاری و ئاسانکاریەکی پێیشان دا بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی باش."
kdp-
Top