"عەبادی دەیەوێ بودجە نەخوێندرێتەوە"

ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق گوتی، داوا کراوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجێکی داناوە.

دوێنێ بە ھۆی بایکۆتی کورد و سوننە پەرلەمانی عێراق نەیتوانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکات، بۆیە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی بودجەوە دواخرا، دواتر فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆ بوونەوە و تێیدا باس لەوە کرا تاوەکو ڕێککەوتنی لەبارەوە دەکرێت خوێندنەوەی یەکەم بۆ بودجە نەکەن و بەزووترین کاتیش سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگھێشتی پەرلەمان بکەن.

لەم بارەیەوە، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، سەرحان سلێڤانەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجی ھەیە بۆ ئەوەی بێتە پەرلەمان ڕوونکردنەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بدات، چونکە ئەو دەیەوێت خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، دواتر بێتە پەرلەمان، چونکە ئەگەر خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، ئەوکات نەدەتوانن بۆ پەرلەمانی بگەڕێننەوە و حکوومەتیش گۆڕانکاری تێدا ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سیاسەتی سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی بەو جۆرە پڕۆژەیاسای بودجە تێپەرێندرێت، بەبێ ئەوەی داواکاریی کورد و پێکھاتەکانی دیکە جێبەجێ بکات."

سلێڤانەیی گوتی: "پڕۆژە یاسای بودجەی ئێستای عێراق خراپترین پڕۆژەیاسایە، چونکە مافی ھیچ پێکھاتەیەک لەبەرچاو نەگیراوە و سەرۆکوەزیران بە ئارەزووی خۆی دایڕشتووە، بۆیە ڕێککەوتن لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە نەکراوە و ئەگەر بەو شێوەیەش بێت پەسەندکردنی زۆر زەحمەتە، چونکە ھیچ پێکھاتەیەک دەنگی پێ نادات."
سلێڤانەیی باسی لەوەش کرد: "دەمانەوێت حکوومەت خۆی داوا بکات پڕۆژەیاسای بودجە بۆ خۆی بگەڕێتەوە و داواکاریی ھەموو پێکھاتەکان لەبەرچاو بگرێت، دواتر ڕەوانەی پەرلەمانی بکاتەوە، ئەوکات لە ماوەیەکی کەمدا پەرلەمان پەسەندی دەکات."
kdp-
Top