ڕاگەیاندراوێک لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان دوو وەزارەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
لەو ڕاگەیاندراوەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا زانیاری تەواو و وردی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەتەکەیان (بە پێی سیستەمی بایۆمەتری و بە مووچەی تەواو و بێ پاشەکەوت) پێشکەش بە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە کردووە و لیژنەکەش بە ئەندامانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە کە بە زووترین کات و لە ڕێگەی لیژنەی هونەریی تایبەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی چاودێریی دارایی عێراق، دەست بە وردبینی لیستەکان دەکەن و دوای پێکهێنانی لیژنە فەرعییەکان، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دیاریکردنی چەند بابەتێک بۆ وردبینی" و داوا لە ئەندامانی هەردوو وەزارەت کراوە کە هەماهەنگی و کارئاسانیی زیاتریان هەبێت.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی (۲٠۱۸/۱/٤)ی زایینی کاتژمێر (۹:۳٠)ی سەرلەبەیانی، لە دیوانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وردبینیکردنی میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆک و تەواوی ئەندامانی لیژنەکە ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە تا (۱:٠٠)ی نیوەڕۆ درێژەی هەبوو، زانیاری تەواو و وردی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەت (بە پێی سیستەمی بایۆمەتری و بە مووچەی تەواو و بێ پاشەکەوت) پێشکەش بە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە کرا. لیژنەکەش بە ئەندامانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندر,وستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە کە "بە زووترین کات و لە ڕێگەی لیژنەی هونەری تایبەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی چاودێری دارایی عێراق، دەست بە وردبینی لیستەکان دەکەن و دوای پێکهێنانی لیژنە فەرعییەکان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دیاریکردنی چەند بابەتێک بۆ وردبینی" و داوا لە ئەندامانی هەردوو وەزارەت کراوە کە هەماهەنگی و کارئاسانیی زیاتریان هەبێت.
لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە کە:
ـ کۆبوونەوەکان بە پێی پێویست و تا کۆتاییهاتنی وردبینی، بەردەوام بن.
ـ هەرێم هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی باش، دەستەبەر بکات.
باسنيوز
