داوای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکانی دەوڵەت لە گۆڕان و کۆمەڵ دەکرێت

 داوای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکانی دەوڵەت لە گۆڕان و کۆمەڵ دەکرێت
سەرۆکی دەست لەکار کێشاوەی پەرلەمانی کوردستان، ئۆتۆمبێلەکانی پەرلەمانی لەگەڵ خۆیدا بردووە و هێشتا بۆ پەرلەمانی نەگەڕاندووەتەوە. بەو هۆیەوە، داوای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکانی دەوڵەت لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەکات.

د. مەدحەد سلێمان، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "دەبێت ھەردوو حزب (گۆڕان و کۆمەڵ) ھەرچی موڵک و ماڵی دەوڵەت ھەیە و لایانە، بیگەڕێننەوە، وەک ئۆتۆمبێل، شوققە، خانوو و نووسینگە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوە، چونکە تائێستا یوسف محەمەد ئۆتۆمبێلەکانی نەگەڕاندووەتەوە و وەزیریان ھەیە ڕۆشتووە و ئۆتۆمبێلەکانی لەگەڵ خۆیدا بردووە کە دەبێت ھەمووی بگەڕێنێتەوە".

راوێژکارەکەی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو: ”دەبێت سەرجەم موڵکەکان بۆ حکوومەت بگەڕێنرێتەوە، بۆیە حکوومەت رەنگە لەم روانگەیەوە کە چاکسازی لەسەرجەم سێکتەرەکاندا دەکرێت، داوای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکانی لەو لایەنانە بکات".

ڕۆژی 20/12/2017، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، کشانەوەی خۆیان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و دواتر سەرجەم وەزیرەکانیان و یوسف محەمەد لە حکوومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان کشانەوە.








باسنیوز
Top